ئەمریکا کشانەوەی ٥ هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا ڕادەگەیەنێت؛ ململانێی واشنتۆن و بەرلین لەسەر "جەنگی ئێران" قووڵ دەبێتەوە
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕۆژی هەینی، ڕایگەیاند کە وەزیری جەنگ، پیت هیگسێت، فەرمانیکردووە بە کشانەوەی نزیکەی ٥ هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمەش نزیکەی ١٥٪ی کۆی هێزە ئەمریکییە جێگیرکراوەکان لە ئەوروپا پێکدەهێنێت.
ئەم بڕیارە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەڵمانیای هاوپەیمان لە ناتۆ، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەبارەت بە جەنگی ئێران.
ئەڵمانیا نزیکەی ٣٥ هەزار سەربازی ئەمریکی تێدا جێگیرکراوە کە زۆرترین ژمارەیە لە ئەوروپا. بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، کەمکردنەوەی ئەم ژمارەیە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش ساڵی ٢٠٢٢، واتە پێش جەنگی ئۆکرانیا کە تێیدا واشنتۆن لە سەردەمی جۆ بایدن هێزەکانی زیاد کرد.
بەرلین: بڕیارەکە چاوەڕوانکراو بوو
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، بۆریس پیستۆریۆس، ڕۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی واشنتۆن "چاوەڕوانکراو" بووە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەوروپا هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی.
پیستۆریۆس وتی: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەڵمانیاش چاوەڕوانکراو بوو. ئێمەی ئەوروپی دەبێت بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر بۆ ئاسایشی خۆمان لەئەستۆ بگرین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی سەربازانی ئەمریکی لە ئەڵمانیا لە بەرژەوەندی هەردوولایە، چونکە ئەمریکا بنکەکانی لە ئەڵمانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەکاردەهێنێت.
جەنگی ئێران؛ هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکان
ناکۆکییەکە کاتێک قووڵ بووەوە کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فریدریش مێرتس، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕەخنەی توندی گرت و وتی: بەرپرسانی ئەمریکی دەچنە پاکستان و بێ ئەنجام دەگەڕێنەوە. مێرتس وتیشی لە ستراتیژی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە جەنگی ئێران تێناگات.
ئەم لێدوانانە تووڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە و لە وەڵامدا وتی: "مێرتس وادەزانێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو نازانێت باسی چی دەکات."
هەروەها بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لێدوانەکانی ئەڵمانیای بە "نەگونجاو و بێ سوود" وەسفکرد.
ڕەخنەی ناوخۆیی لە ئەمریکا
دیموکراتەکان ڕەخنەی توندیان لە بڕیارەکەی ترەمپ گرت. سیناتۆر جین شاهین وتی: "دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بین، نەک بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان بۆ رقی کەسی تێکبدەین."
هەروەها سیناتۆر جاک ڕید ئەمەی بە "دیارییەک بۆ پوتین" وەسفکرد، لەکاتێکدا جەنگی ئۆکرانیا بەردەوامە.
وڵاتانی دیکەش لە ژێر هەڕەشەدان
تەنها ئەڵمانیا نییە؛ ترەمپ هەڕەشەی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیاش کردووە بەهۆی پشتگیرینەکردنیان لە جەنگی ئێران.
ترەمپ وتی: "ئیتالیا هیچ یارمەتییەکی نەداوین، ئیسپانیاش زۆر خراپ بووە."
تەنانەت هەڕەشەی گەمارۆی بازرگانی خستنەسەر ئیسپانیا کردووە، چونکە ڕێگەی نەداوە بنکە سەربازییەکانی و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێن.
بەپێی ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی پێنتاگۆن، واشنتۆن بیر لە سزای دیکەش دەکاتەوە، وەک هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئیسپانیا لە ناتۆ و پێداچوونەوە بە پرسی سەروەری بەریتانیا بەسەر دوورگەکانی فۆکلاند.