سەردەمی "هەر کەسە و بۆ خۆی"؛ جەنگی ئێران چۆن بازاڕی وزەی گۆڕی؟
٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وزەی جیهانی ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەبێتەوە؛ لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی دژ بەئێران، بازاڕی نەوت لە مۆدێلی پشتبەستوو بە "ئەکتیڤی ئابووری"یەوە دەگۆڕێت بۆ بازاڕێک کە "بڕیارە سیاسییەکان و ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان" ئاراستەی دەکەن.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی گۆڕانکارییەکی فراوانترن؛ وڵاتە گەورە هاوردەکارەکانی ئاسیا و ئەوروپا هەوڵ دەدەن پشتبەستنیان بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکەنەوە، جا چ لە ڕێگەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، کەمکردنەوەی بەکاربردن، یان زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بێت.
لە بەرامبەردا، وڵاتە هەناردەکارەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کێبڕکێ دەکەن بۆ زیادکردنی پشکی خۆیان لە بازاڕدا، لە کاتێکدا ئاسۆکانی خواست لەسەر نەوت ناڕوونن.
گرێگۆری برۆ، گەورە شرۆڤەکار لە "کۆمەڵەی ئۆراسیا" بۆ کاروباری ئێران، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە دۆخی ئێستا وەک دروشمی "هەر کەسە و بۆ خۆی" لێهاتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی بازاڕەکانی وزەدا.
ڕەگی سیستەمی نەوتیی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک "ئۆپێك" هەژموونی خۆی لە دیاریکردنی نرخدا چەسپاند. لەو سەردەمەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا یەدەگی ستراتیژییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەکانی دابینکردن دروست کرد.
دکتۆرینی کارتر جەختی لەوە دەکردەوە کە دەستەبەرکردنی رەوتی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە، بەرژەوەندییەکی باڵای ئەمریکایە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم هاوسەنگییە گۆڕاوە؛ ئەمریکا چیتر تەنها بەکاربەرێکی گەورە نییە، بەڵکو بەرهەمهێنەرێکی کاریگەریشە کە دەیەوێت بازاڕەکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ناوخۆی ئەمریکا بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، واشنتۆن بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران لە ڕێگەی توندکردنی سزاکان لەسەر هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە.
لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە وڵاتانی دیکە کردووە نەوت و گازی ئەمریکی بکڕن و داواشی لە کۆمپانیا گەورەکان کردووە بەرهەمهێنان زیاد بکەن بۆ قۆستنەوەی هەلی بەرزبوونەوەی نرخەکان. بەڵام بەرپرسانی کەرتی وزە پێیانوایە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ماوەیەکی کورتدا بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد ناکەن.
"ئۆپێك" و سەقامگیریی نرخەکان
گومانەکانی بازاڕ سەبارەت بە توانای "ئۆپێك" و هاوپەیمانەکانی (ئۆپێك پڵەس) بۆ پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان زیادیکردووە، بەتایبەت کە هەندێک بەرهەمهێنەر لەبری پابەندبوون بە پشکی دیاریکراو، ئەولەویەت دەدەن بە زیادکردنی پشکی خۆیان لە بازاڕدا.
وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك وەک بەرازیل، کەنەدا و گۆیانا دەستیان کردووە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان، لە کاتێکدا وڵاتانی هاوردەکار لە ئەوروپا و ئاسیا هەوڵ دەدەن وزە لە ناوچە دوورەکان لە ململانێ دەستەبەر بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان.
جەیسۆن بۆردۆف، بەڕێوەبەری سەنتەری سیاسەتی وزەی جیهانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەڵێت: "کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازرگانیی وزە ڕەنگە سوودی ئەمنی هەبێت، بەڵام تێچووی ئابووریی زۆری دەبێت."
بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا
بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا پەنایان بۆ بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی خۆیان بردووە. پلانیش هەیە بڕێکی زۆر لە یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا بخرێتە بازاڕەوە، کە ڕەنگە ئاستی ئەو یەدەگە بگەیەنێتە نزمترین ئاست لە چەندین دەیەی ڕابردوودا.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، نرخەکان هێشتا ناسەقامگیرن؛ نرخی نەوتی خاوی برێنت ١١١ دۆلاری تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکرێت بگاتە ئەو ئاستە بەرزانەی کە دوای جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ تۆمارکران.
تیم هۆدجسۆن، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی کەنەدا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە جیهان لە “خاڵی وەرچەرخان"ـێکی یەکلاکەرەوەدایە و ئەو سیستەمەی لەسەر بنەمای ئازادیی بازرگانی و ڕەوتی وزە دامەزرابوو کەوتووەتە مەترسییەوە؛ قۆناغی داهاتووش بە ناسەقامگیری و ناڕوونییەکی زیاتر دەناسرێتەوە.