پەنجەرە بەشداریی گفتوگۆیەکی کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێم دەکات
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێم، لە شاری هەولێر پێشوازیی لە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس کرد و لەگەڵیاندا گفتوگۆیەکی دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەوانیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لەگفتوگۆکەدا، محەمەد مەحمود- ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەنجەرە، بە نوێنەرایەتی دەزگاکە، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە دەزگا میدیاییە جیاوازەکانی هەرێم، بەشدارییکرد.
دانیشتنەکە هاوکات بوو بە ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی، تیایدا بەشداران لەسەر ئەو ئالەنگاریی و گرفتانە وەستان کە ڕووبەڕووی کاری ڕۆژنامەوانیی لە هەرێمدا دەبێتەوە.
لایخۆشییەوە، ئادریان ئایسڵستاین، کونسوڵی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر، پشتیوانی خۆیانی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد و پارێزراو بۆ ڕۆژنامەنووسان کردەوە.