هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان: ئەمجارە جێگرانی سەرۆکوەزیران نابنە وەزیر
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" ڕایگەیاند، ئەمجارە جێگرانی سەرۆکوەزیران پۆستی وەزارییان نابێت.
سەیف مەنسووری، ئەندامی هاوپەیمانییەکە، بە میدیا عيراقییەکانی راگەیاندووە: "نیمچە ڕێککەوتنێک لەنێوان کوتلە سیاسییەکاندا هەیە کە ئەمجارە جێگرانی سەرۆکوەزیران هیچ پۆستێکی وەزاریی وەرنەگرن."
مەنسووری ئاماژەی بەوەشکرد، جێگرانی سەرۆکوەزیران وەک خولی پێشوو نابنە وەزیر، بەڵام ئەو لایەنانەی وەریدەگرن وەکو خاڵ لەچوارچێوەی دابەشکردنی پۆستەکاندا لەسەریان هەژمارد دەکرێت.
هەروەها وتیشی: تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە جێگرانی سەرۆک کۆمار نییە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە جێگرانی سەرۆک کۆماریش دەستنیشان دەکرێن.
لە کابینەی حکومەتەکەی سودانیدا جێگرانی سەرۆکوەزیران پۆستی وەزارییان هەبوو، د. فواد حسێن لە پشکی کورد لەیەککاتدا جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەش بوو.