بەغداد؛ ڤیتۆی ئەمریکا گروپە چەکدارەکان ناچار دەکات بە ناوی "تەکنۆکرات"ـەوە بچنە حکومەت
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
گرووپە چەکدارەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە خاوەنی کورسیی پەرلەمانین، کار بۆ جێبەجێکردنی تەکنیکێکی نوێ دەکەن تاوەکو لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا بەشدار بن، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەربەستی ڤیتۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغداد بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "بەهۆی گوشار و ڤیتۆی توندی ئەمریکا لەسەر بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو گرووپانە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە ئەو لایەنانە ستراتیژی خۆیان بگۆڕن."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گروپانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و دەستەبەرکردنی پشکی خۆیان لە دەسەڵاتدا، پەنا بۆ کاندیدکردنی کەسایەتیی "تەکنۆکرات" یان کەسانی نزیک لە خۆیان دەبەن کە لە ڕووی سیاسییەوە وەک لایەنی سەربەخۆ دەردەکەون، تاوەکو بەو شێوەیە دوور بن لە سزاکان و ڕەزامەندی نێودەوڵەتیش بەدەستبهێنن.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، واشنتۆن بەردەوام هۆشداریداوە لەوەی نابێت ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی یاسا مامەڵە دەکەن، جومگە هەستیارەکانی حکومەت و وەزارەتەکان بەڕێوە ببەن، ئەمەش لایەنە شیعەکانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.