لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان چاویان لەبەشداریکردنە لە حکومەتی عێراق
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دوو سەرچاوەی نزیک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێستەوە دەست پەنجەرە کەوتوون، هەردوو لایەنەکە خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق نیشانداوە، بەڵام ئەم هەنگاوەیان بەستووەتەوە بە وەرگرتنی "پشکی شایستە" و پۆستی وەزاری لە کابینەی نوێدا.
هەماهەنگیی سێقۆڵی: هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەوتی هەڵوێست لەگەڵ هەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری گفتوگۆیان ئەنجامداوە. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە دروستکردنی جۆرێک لە هەماهەنگییە بۆ ئەوەی بە یەک پاکێج و بە مەرجی وەرگرتنی وەزارەت، بچنە ناو حکومەتی فیدراڵییەوە.
نەوەی نوێ لە نێوان یەکێتی و سەربەخۆیی دا
سەبارەت بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە بڕیاری بەشداریکردن لە بەغدا لای ئەوان یەکلایی بووەتەوە، بەڵام شێوازی چوونە ناو حکومەتەکە هێشتا جێی گفتووگۆیە. دوو بژاردە لەبەردەم ئەو جوڵانەوەیەدایە:
1. بەشداریی سەربەخۆ و وەک لایەنێکی جیاواز.
2. چوونە ناو حکومەت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەپێی خوێندنەوەی چاودێران و نزیکیی پەیوەندییەکانیان لە هەرێم، ئەگەری بەهێز ئەوەیە نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی پێکەوە بەرەو بەغدا هەنگاو بنێن، بەوپێیەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە.