سەردەشت عوسمان لە یادەوەریی کچە هاوپۆلەکانیدا: "ئێرە شوێنی خۆشەویستی نییە، کاری گرنگترمان لەپێشە"
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەگەر بۆ خوێندکارانی زانکۆ ، ماڵئاوایی و کۆتایی ساڵ کۆکردنەوەی خەندە و یادگارییە شیرینەکان بێت، بۆ هاوپۆلەکانی سەردەشت عوسمان، زانکۆ بوو بە مەنفایەکی پڕ لە گریان.
ئەوان لەبری ئەلبوومی وێنە، برینێکی قووڵیان وەک میرات بۆ مایەوە؛ برینێک کە مەرگی هاوڕێ غەدرلێکراوەکەیانی تێدا دەدرەوشایەوە و خوێنە ڕژاوەکەی ئەو، بوو بە تاقە یادگارییەک کە هەرگیز لە یاد ناچێت.
زانکۆی سەڵاحەدین چیرۆک و یادگاریی خوێندکارێکی تێدا بەجێما، کە مەرگەکەی هەمووانی هەژاند. کچە هاوپۆلەکانی سەردەشت عوسمان، بە چاوێکی پڕ لە گریان و دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە، وێنەی کوڕێکی بێدەنگ، دڵسۆز و خاوەن هەڵوێست دەکێشن کە تەنها خوێندکار نەبوو، بەڵکو نموونەی جوانیی ئەخلاق و مرۆڤدۆستی بوو.
دەفتەرێک وەک یادگارییەکی تاڵ
یەکێک لە هاوپۆلەکانی سەردەشت، کە تا ئێستاش ناتوانێت بەبێ گریان سەیری دەفتەرەکەی بکات، دەڵێت: "سەردەشت مانگێک درەنگتر هات بۆ دەوام، داوای دەفتەرەکەی لێکردم بۆ ئەوەی وانەکانی تێدا بنووسێتەوە. کاتێک بۆی گێڕامەوە، ناوی منی لەسەر بەرگی دەفتەرەکە نووسیبوو. ئێستا هەر کاتێک چاوم بەو ناوە دەکەوێت، مەرگی ناوەختی ئەو برینەکانم دەکولێنێتەوە."
بێدەنگێکی سەرقاڵ بە کێشە گەورەکان
ئارەزوو، کە هاوڕێ و هاوپۆلێکی نزیکی بووە، سەردەشت وەک کوڕێکی جیاواز و بێدەنگ دەناسێنێت. ئەو دەڵێت: "سەردەشت لە هەڵسوکەوتیدا لە زۆربەی کوڕانی دیکە نەدەچوو، هەمیشە سەنگین بوو."
سەبارەت بە ژیانی تایبەتیشی، ئارەزوو ئاماژە بەوە دەکات کە سەردەشت تەنها خەمی خوێندن و نووسینی هەبووە: "کاتێک باس دەهاتە سەر خۆشەویستی، دەیگوت ئێرە کاتی ئەوە نییە، ئێمە کاری زۆر گرنگترمان لەپێشە."
مرۆڤدۆستێک لە پشت وشەکانەوە
شیلان، هاوپۆلێکی دیکەی، چیرۆکێکی بەئازار دەگێڕێتەوە دەربارەی دڵ گەورەیی سەردەشت. ئەو دەڵێت: "جارێکیان باسی سەفرەمان دەکرد، منیش گوتم دایکم نەخۆشە و ناتوانم بێم. سەردەشت بە گەرموگوڕییەکی زۆرەوە گوتی ئەگەر پێویستیت بە هاوکارییە ئێمە ئامادەین، بەڵام من بە ساردییەوە سوپاسم کرد. ئێستا کە بیر لەو هەڵوێستە جوانەی دەکەمەوە، ئاهی بۆ هەڵدەکێشم و خەم دەخۆم کە نەمتوانی وەک پێویست سوپاسی ئەو مرۆڤە باشە بکەم."
کۆتاییەکی پڕ لە تراژیدیا
بۆ کچانی قۆناغی چواری بەشی ئینگلیزی، چاوەڕوانیی ئاهەنگی دەرچوون گۆڕا بۆ شین و شەپۆڕ. بەهار باس لەوە دەکات کە سەردەشت خوێندکارێکی زیرەک و بێ کێشە بووە و مامۆستاکانیش هەمیشە لێی ڕازی بوون.
بەهار بەرگریی لە قەڵەمەکەی سەردەشت دەکات و دەڵێت:
"پێموانییە لە نووسینەکانیدا مەبەستی ناوزڕاندنی کەس بووبێت، چونکە ئەو لە ژیانی ڕۆژانەیدا خاوەنی ئەو سیفەتانە نەبوو. ئەوەی سەردەشت لەبیری ئێمە ناباتەوە، ئەو هەموو سیفەتە جوان و مرۆییانە بوو کە تێیدا کۆببووەوە."
ئەمڕۆ، لە کۆلێژی زمانی هەولێر، جێگەی سەردەشت چۆڵە، بەڵام یادەوەرییەکانی وەک کوڕە بێدەنگە چاوگەشەکە لە دڵی هاوپۆلەکانیدا بە زیندوویی ماونەتەوە.
تێبینی: ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٢٢٤ ی رۆژنامەی ئاوێنەدا و لەبەرواری ( ١٨\٥\٢٠١٠) بڵاوکراوەتەوە، بەڵام پەنجەرە بەدەستکارییەوە لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دایدەنێتەوە.