ئێران و ئەفغانستان؛ جەنگی "زێڕی سوور" لە بازاڕە جیهانییەکاندا

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٥ پاش نیوەڕۆ

ئێران و ئەفغانستان؛ جەنگی "زێڕی سوور" لە بازاڕە جیهانییەکاندا

پەنجەرە 

داتا فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، پەردە لەسەر کێشەیەکی ئاڵۆزیی بازرگانی لادەبەن و گومانی "دووبارە هەناردەکردنەوەی نایاسایی" زەعفەرانی ئێرانی لەلایەن ئەفغانستانەوە بەهێزتر دەکەن. 

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئەفغانستان و ئەو بڕە زەعفەرانەدا هەیە کە ئەو وڵاتە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات.

زەعفەرانی ئێرانی بە ناسنامەی ئەفغانی

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "تەسنیم"، بەراوردکردنی داتاکانی گومرگی ئێران و سەکۆی نێودەوڵەتی "Trade Map" ئاماژە بەوە دەکەن:
* هەناردەی ئێران بۆ ئەفغانستان: لە دوو ساڵی ڕابردوودا تەنها ۲۸ تۆن بووە.

* هەناردەی نێودەوڵەتی ئەفغانستان: ئەو وڵاتە ۸٤ تۆن زەعفەرانی وەک هەناردەی خۆی تۆمار کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی "فاو" مەزەندە دەکات توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی ئەفغانستان تەنها ٣٥ بۆ ٤٠ تۆن بێت. بەرپرسانی تاران دەڵێن ئەم جیاوازییە (زیاتر لە ٤٠ تۆن) نیشانەی "قاچاخی ڕێکخراو"ی زەعفەرانی خاوی ئێرانە بۆ ئەفغانستان و دواتر هەناردەکردنەوەی بۆ جیهان بە ناوی براندی ئەفغانییەوە.

کەشوهەوا؛ گورزێکی کوشندە لە بەرهەمی ناوخۆیی

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاستەنگە بازرگانییە، کەرتی کشتوکاڵی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە. بەرهەمهێنانی زەعفەران لە ناوخۆی ئێران بە ڕێژەی ٣٦٪ کەمیکردووە، بە جۆرێک بەرهەمی ئەمساڵ تەنها ٢٦٠ تۆن بووە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٤٠٠ تۆن بووە. وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکاری ئەم پاشەکشەیە بۆ وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە.

ستراتیژی نوێ بۆ پاراستنی "براندی نیشتمانی"

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخ و پاراستنی پێگەی زێڕی سووری ئێرانی، تاران چەند ڕێکارێکی توندی گرتووەتە بەر:
* کۆتاییهێنان بە هەناردەی فەل: هاندانی بازرگانان بۆ هەناردەکردنی زەعفەران بە پاکەتی بچووکی (ژێر ١٠ گرام) بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەکارهێنانی ناوی وڵاتانی تر بکرێت.

* کاراکردنی سیستەمی "ناسنامەی کێڵگە" بۆ ئەوەی سەرچاوەی هەر گرامێکی هەناردەکراو لە کێڵگەوە تا کڕیار دیار بێت.
* کۆنترۆڵکردنی ئەمنی سنوورەکان: ڕاسپاردنی دەزگا ئەمنییەکان بۆ تێکشکاندنی ئەو تۆڕانەی زەعفەرانی خاو بە قاچاخ دەبەنە وڵاتانی دراوسێ.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە ئێران دەیەوێت سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان و کێبڕکێی توندی وڵاتانی دراوسێ، کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بازاڕی زەعفەرانی جیهانیدا بپارێزێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو