چاودێرێکی سیاسی: ماددەی ١٤٠ بەرامبەر بە یاسای نەوت و غاز نەخشە نهێنییەکەی کورد و زەیدییە

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٦ پاش نیوەڕۆ

چاودێرێکی سیاسی: ماددەی ١٤٠ بەرامبەر بە یاسای نەوت و غاز نەخشە نهێنییەکەی کورد و زەیدییە

پەنجەرە

لە کاتێکدا عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئەمنیی گەورەدایە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نەبێت، بەڵکو دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بێت.

ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی، لەرێگەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییەوە کۆمەڵێک زانیاریی و لێکدانەوەی سەیر دەخاتەڕوو، بەجۆرێک لێکدانەوە و زانیارییەکانی پێچەوانەی زۆرێک لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانن.

سەدر و زەیدی؛ هاوپەیمانییەکی بێدەنگ بۆ بونیادنانی دەوڵەت

ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا تیشکیخستە سەر جوڵەکانی ئەم دواییەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر و وتی: "بڕیارەکانی موقتەدا سەدر بۆ سەپاندنی سیستەم لە کەربەلا و لێپرسینەوە لە هەندێک سەرکردەی ڕەوتەکەی، پەیامێکی ڕوونی پشتگیرییە بۆ هەنگاوەکانی زەیدی."

بە بڕوای ئەم چاودێرە، ئەمە "بانگەوازێکی ڕاشکاوە" بۆ گروپە چەکدارەکان کە پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بێنە ناو کایەی سیاسییەوە، تاوەکو عێراق لە مەترسیی وێرانکاری و ململانێی نێودەوڵەتی دووربخرێتەوە.

سێبەری ترەمپ و فشاری دۆلار

شەرع ئاماژە بەوە دەکات کە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشكی سپی، واقیعێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. ئەمریکا لە ڕێگەی "سەروەریی ئاسمانی" و "کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوت"ـەوە دەیەوێت ئیرادەی خۆی بەسەر بەغدادا بسەپێنێت.

"عێراق پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە هەیە کە هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی سەروەریی ئابووری و سەقامگیریی ناوخۆییدا ڕابگرێت." ئەسیر شەرع وای وت.

بەرەو سیستەمی "نیمچە سەرۆکایەتی"

یەکێک لە سوپرایزە گەورەکانی ئەم قۆناغە، بوونی جوڵەیەکی جدییە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور. لێکۆڵەرە سیاسییەکە ئاشکرای دەکات کە سیستەمی ئێستای عێراق بەهۆی "ناڕوونیی بڕگەکان و کێشەی کوتلەی گەورەتر" چەقەبەستووی دروستکردووە. بۆیە هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕینی جۆری حوکمڕانی بۆ سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی تاوەکو دادگای فیدراڵی لەو شەرمەزارییە یاساییە هەمیشەییە ڕزگار بکرێت.

ڕێککەوتن لەگەڵ کورد؛ ماددەی ١٤٠ بەرامبەر نەوت و غاز

لە پشت پەردەی سیاسییەوە، باس لە لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەنێوان زەیدی و لایەنە کوردییەکان دەکرێت.

بەپێی وتەی شەرع سیناریۆکە بەم شێوەیەیە: کوتلە کوردییەکان دەنگ بە یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەدەن، لەبەرامبەردا بەغداد هەنگاوە پراکتیکییەکانی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکات.

حکومەتی هەڵۆکان

شەرع ناوی کابینەی داهاتوو دەنێت "حکومەتی هەڵۆکان"، کە تێیدا سەرکردەی دیار و گەورەی هێزە سیاسییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ پۆستە وەزارییەکان وەردەگرن (وەک سودانی بۆ وەزارەتی دەرەوە). 

ئامانج لێرەدا بەوتەی خۆی ڕێگریکردنە لە قاچاخچێتی دۆلار و ڕێکخستنی داراییە، تاوەکو کۆتایی بە سەردەمی "حکومەتی ناشارەزاکان" بهێنرێت و عێراق لەو "ئاڵۆزییە گەورەیە" بپارێزرێت کە ناوچەکە تێیکەوتووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو