"بکوژە بچووکەکە"؛ چۆن هەنگ دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤ؟
٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شەوی ڕابردوو لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مامۆستایەک کە هاوکات هەنگەوانییش دەکات، بە پێوەدانی یەک هەنگ گیانی لەدەستدا.
ئەم ڕووداوە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی هاوڵاتیان و پرسیاری ئەوەی وروژاندووە کە چۆن هەنگ دەبێتە بکوژ؟ لەکاتێکدا زۆربەمان خۆمان یان کەسوکارمان هەنگ یان زەردەواڵە پێوەی داوین، چۆن دەربازمان بووە؟
"شۆکی هەستیاریی"؛ کاتێک بەرگری دەبێتە دوژمن
بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، گیانلەدەستدان بەهۆی هەنگەوە بە دوو ڕێگەی سەرەکی ڕوودەدات. یەکەمیان کە باوترین و مەترسیدارترینیانە، بریتییە لە "شۆکی هەستیاریی لەڕادەبەدەر" کە بە دەستەواژە زانستییەکە پێیدەوترێت (Anaphylaxis).
لە کاتی ئەم شۆکەدا، سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤ بە شێوەیەکی کتوپڕ و وێرانکەر کاردانەوە نیشاندەدات. لەبری پاراستنی لەش، بڕێکی یەکجار زۆر لە ماددەی "هیستامین" دەردەدات کە دەبێتە هۆی داخرانی ڕێڕەوی هەناسە، هاوکات زمان و قوڕگ بە خێرایی دەئاوسێن و ڕێگەی هەوا دەگرن، لەگەڵ دابەزینی خێرای فشاری خوێن کە دەبێتە هۆی لەهۆشچوون و وەستانی دڵ.
تەڵەی "جاری یەکەم"
ئەو مامۆستایەی دوێنێ شەو گیانی لەدەستدا، پێشتریش جارێکی تر هەنگ پێوەی داوە و ئازاری داوە.
زۆرێک لە خەڵکی وا دەزانن ئەگەر پێشتر هەنگ پێوەی دابن و هیچی لێ نەهاتبێت، واتە بەرگری هەیە یان بەرگری پەیداکردووە. بەڵام ڕاستییە پزیشکییەکە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
زۆرجار لە پێوەدانی یەکەمدا، جەستە تەنها هەستیارییەکە دەناسێتەوە و دژەتەن دروست دەکات. لە پێوەدانی دووەمدا، جەستە وەک تەقینەوەیەک کاردانەوە نیشان دەدات.
ئەمەش ڕوونکردنەوەی ئەو حاڵەتەیە کە بۆچی ئەو هاووڵاتییە لە پێوەدانی یەکەمدا ڕزگاری بووە، بەڵام پێوەدانی دووەم بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.
حاڵەتێکی دەگمەنی ناسراو
ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن کە ئەم حاڵەتە ئەگەرچی دەگمەنە، بەڵام ناسراویشە.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵانە بە تێکڕا ٧٢ کەس بەهۆی پێوەدانی هەنگ و زەردەواڵەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەڵام بەگشتی گیان لەدەستدان بۆ حاڵەتەکە کەمە و لە ملیۆنێک کەسدا کەمترە لە (0.3% بۆ 0.04%).
چۆن بزانین حاڵەتەکەمان مەترسیدارە؟
ئەگەر دوای پێوەدانێک هەستت بە تەنگەنەفەسی و توندبوونی سنگ، یان ئاوسانی زمان یان قوڕگ، یاخود گێژخواردن یان لەهۆشچوون لەگەڵ تێکچوونی لێدانی دڵ کرد، ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەستیاریت بە حاڵەتەکە هەیە و پێویستە راستەوخۆ بگەیتە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان.
بۆ ئەوانەشی کە پێشتر سەلماوە هەستیارییان بە حاڵەتەکە هەیە، ئەوا قەڵەمێک هەیە بەناوی ئیپینفرین (EpiPen) دەبێت بە بەردەوامی پێیان بێت و لە کاتی پێوەداندا دەیچەقێنن لە ماسولکەی ڕانیان، ئەمەش تاکە چارەسەری خێرایە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی هەناسە هەتا کەسەکە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
تێبینییەکی گرنگ:
ئەم ڕاپۆرتە بۆ زانیاری گشتییە، بەمەبەستی ڕاوێژی ورد و درووست دەبێت سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکەن و لە کاتی هەر حاڵەتێکی کتوپڕیشدا پەیوەندی بە فریاکەوتنی خێراوە بکەن.