شارەزایەکی بواری وزە: لێدانی بیری نوێ لەلایەن کۆمپانیای DNO ەوە ئاماژەیە بۆ بەرزی ورەی کۆمپانیاکە

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ

شارەزایەکی بواری وزە: لێدانی بیری نوێ لەلایەن کۆمپانیای DNO ەوە ئاماژەیە بۆ بەرزی ورەی کۆمپانیاکە

پەنجەرە

کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەڵکەندنی هەشت بیری نوێی لە کێڵگەکانی (تاوکێ و فیشخاپوور) ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و گوزارشتکردن لە متمانەی کۆمپانیاکە بە بازاڕ و سەقامگیری دۆخی ئەمنی.

دەستپێکردنەوە دوای وەستانێکی کاتی

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کۆمپانیاکە، هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵدا پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەڵکەندن بە بەهێزی دەستیپێکردبوو، بەڵام بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشە ئاسمانییەکانی ٢٨ی شوبات، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی کارەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیران. پاشان لە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦، کارە مەیدانییەکان و چاککردنەوەی بیرەکان دەستیان پێکردووەتەوە.

ئامادەکاری بۆ زیادکردنی بەرهەم

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانەکەیان بۆ هەڵکەندنی ئەو هەشت بیرە، ئامادەکارییە بۆ بەرزکردنەوەی بڕی هەناردە و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی (تاوکێ و فیشخاپوور)، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ باشتربوونی دۆخی بازاڕ و ڕەخسانی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان.

پەیوەست بەم هەنگاوە، محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری و وزە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "پەنجەرە" ڕایگەیاند: "لێدانی بیری نوێ لەلایەن کۆمپانیای DNO ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی تموحی کۆمپانیاکە بۆ فراوانترکردنی کارەکانیان زیادی کردووە و ورەیان بۆ بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی هەرێم بەرزە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو