کارتێکی تری مالیکی سوتێنرا؛ پەنجەرە وردەکاری بڵاو دەکاتەوە

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٤ پاش نیوەڕۆ

کارتێکی تری مالیکی سوتێنرا؛ پەنجەرە وردەکاری بڵاو دەکاتەوە

پەنجەرە

لەکاتێکدا ململانێی لایەنە سیاسییەکان بۆ پرکردنەوەی کورسییەکانی کابینەی نوێی حکومەت گەرمە، سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاوکێشەی کاندیدانی وەزارەتی نەوتی گۆڕیی و چانسی یەکێک لە کاندیدە هەرە بەهێزەکانی "دەوڵەتی یاسا"ی لەباربرد.

سزادانی عەلی میعراج؛ پەیامێک بۆ تاران

واشنتۆن بڕیاری سزادانی (عەلی میعراج) بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ کاروباری دابەشکردن دەرکردووە. هۆکاری سزادانەکە بۆ "نزیکایەتی ناوبراو لە کۆماری ئیسلامی ئێران و کارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە" دەگەڕێتەوە. 

ئەم بڕیارە بە تەواوی چانسی میعراجی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوت لەباربرد، لە کاتێکدا نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پشتگیرێکی سەرسەختی بوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

کێبڕکێی سودانی و مالیکی لە واشنتۆن

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی راگەیاند: "محەمەد شیاع سودانی و تیمە نزیکەکەی، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، هێرشی چڕیان کردووەتە سەر عەلی میعراج بە مەبەستی سووتاندنی کارتەکانی.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد، سودانی هەوڵەکانی چڕکردبوویەوە بۆ سەرخستنی (ئیحسان عەبدولجەبار) بۆ پۆستی وەزیری نەوت و لای ئەمەریکییەکان وەک "کەسایەتییەکی لێهاتوو و پرۆفیشناڵ" وێنای کردووە. لە بەرامبەردا، لایەنی ئەمەریکی بۆ دڵنیابوونەوە لەو کاندیدە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و راوێژیان بە چەند کۆمپانیایەکی گەورەی نێودەوڵەتی بواری وزە کردووە.

کۆتایی یارییەکە؟

دوای دەرچوونی سزاکەی سەر عەلی میعراج، گۆڕەپانەکە بۆ کاندیدەکەی سودانی چۆڵ نەبووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ململانێکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ پێشبینی دەکرێت نوری مالیکی لە کاردانەوەی سووتاندنی کاندیدەکەیدا، بە هەموو شێوەیەک رێگری بکات لەوەی ئیحسان عەبدولجەبار بگاتە کورسی وەزارەت، بۆیە پێدەچێت بازەکە بەسەر کەسێکی ترەوە بنیشێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو