شەنگال؛ کەسایەتییەکی ئێزدی گەڕانەوەی پارتی ڕەتدەکاتەوە و حزبەکەش وەڵام دەداتەوە

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ

شەنگال؛ کەسایەتییەکی ئێزدی گەڕانەوەی پارتی ڕەتدەکاتەوە و حزبەکەش وەڵام دەداتەوە

پەنجەرە

دۆسیەی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قەزای شەنگال جارێکی دیکە مشتومڕی لێکەوتەوە. (نایف بن داود بن سلێمان) ، کەسایەتی دیاری ئێزدی، لە ڕاگەیەنراوێکی تونددا "ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولای" گەڕانەوەی هێز و دامەزراوەکانی ئەو حزبەی بۆ ناو قەزاکە ڕاگەیاند.

تۆمەتبارکردن بە بەرپرسیارێتی جینۆساید

نایف بن داود لە ڕاگەیەنراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەڵوێستەیان پەیوەستە بە ڕووداوەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤. ناوبراو پارتی دیموکراتی کوردستانی بە "بەرپرسی یەکەم" لەو جینۆسایدە ناوبرد کە بەسەر ئێزدییەکاندا هات و ڕایگەیاند: "پاشەکشەی لەناکاوی هێزەکانی سەر بەو حزبە و بەجێهێشتنی هاووڵاتیان لە بەرانبەر داعش، بووە هۆی ئەوەی هەزاران کەس ئاوارە ببن و ببنە قوربانی."

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە برینی ئەو کارەساتە هێشتا لە ویژدانی ئێزیدییەکاندا ماوە و هەر گەڕانەوەیەکی سیاسی یان ئەمنی ئەو حزبە بۆ شنگال ڕەتدەکەنەوە، بە مەبەستی "پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان و گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی نەهامەتییەکان."

وەڵامی پارتی: "ناوبراو نوێنەرایەتی لایەنێکی دیکە دەکات"

لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە و ڕایگەیاند کە ئەو جۆرە لێدوانانە پاشخانێکی سیاسییان هەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد: "نایف بن داود کەسێکی نزیکە لە حەشدی شەعبی و سەر بە پەکەکەیە، هەر بۆیە دژایەتی پارتی دەکات." هەروەها جەختیشی کردەوە کە پارتی لە ناو شنگالدا خاوەن ڕێکخستنی خۆیەتی و بەردەوامە لە ئەنجامدانی کاروبارە حزبی و ڕێکخراوەییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو