پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ سی ئای ئەی دەڵێت ئێران هێشتا خاوەنی ٧٠٪ـی توانای موشەکییە

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ سی ئای ئەی دەڵێت ئێران هێشتا خاوەنی ٧٠٪ـی توانای موشەکییە

پەنجەرە 

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە داڕمانی توانای سەربازیی و ئابووریی ئێران دەکات، بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی نهێنیی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کە رادەستی بڕیاربەدەستانی واشنتنۆن کراوە، وێنەیەکی تەواو جیاواز پیشان دەدات. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ئێران دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین مانگیتر لە بەرامبەر گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا خۆی ڕابگرێت و زۆربەی تواناکانی خۆی بپارێزێت.

جیاوازییەکی گەورە لە داتاکاندا

دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە موشەکەکانی ئێران "بە تەواوی تێکشکێندراون" و تەنها نزیکەی ١٨ بۆ ١٩٪یان ماونەتەوە. بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی (CIA) دەریدەخەن کە تاران هێشتا خاوەنی ٧٥٪ی سەکۆ گەڕۆکەکانی هاویشتنی موشەک و نزیکەی ٧٠٪ی کۆگای موشەکیی خۆیەتی، سەرەڕای ئەو هێرشە چڕانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە سەری.

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران توانیویەتی زۆربەی کۆگا ژێرزەمینییەکانی نۆژەن بکاتەوە و دەستیکردووە بە کۆکردنەوە و دروستکردنی موشەکی نوێ کە پێش دەستپێکردنی جەنگ کارەکانیان تەواو نەبووبوو.

گەمارۆی دەریایی؛ "دیواری پۆڵایین" یان شکست؟

ترەمپ گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی بە "دیوارێکی پۆڵایین" وەسفکردووە کە کاریگەریی لە بۆردومان زیاترە. بەڵام شارەزایانی هەواڵگریی پێیانوایە ئێران دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی ٣ بۆ ٤ مانگی دیکە لە رووی ئابوورییەوە خۆڕاگر بێت پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی داڕمانی ڕاستەقینە.

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە تاران چەندین رێگەی جێگرەوەی گرتووەتە بەر، لەوانە:
* کۆگا کردنی نەوت لەناو تانکەرە دەریاییەکاندا.
* ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی ئاسنەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست.
* کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە.

لێکەوتە ستراتیژییەکان

سەرەڕای ئەوەی ئابووری ئێران بەدەست هەڵاوسانی ٧٢٪ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکارییەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە. 
لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی واشنتن پۆست دەریخستووە کە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران زیانیان بە ٢٢٨ بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە، کە ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە.

دانی سیترینۆڤیچ، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی لە تەلئەبیب، دەڵێت: "ئەم جەنگە کە بڕیار بوو بۆ رووخاندنی رژێم و لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و موشەکیی بێت، ڕەنگە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی ئەوەی رژێمی ئێران لەوەی پێشتر هەبوو، بەهێزتر دەربکەوێت." ئەو هۆشداری دەدات کە ئەمە لە کۆتاییدا وەک "شکستێکی ستراتیژی" بۆ هاوپەیمانان هەژمار بکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو