عەجاج تکریتی چۆن دۆزرایەوە؟
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە بەسەر برینە ساڕێژنەبووەکانی ئەنفالدا، بازنەی مێژوو سووڕایەوە و عەجاج تکریتی، ئەو ناوەی لای ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان هاوواتای مەرگ و ئەشکەنجە بوو، ڕاپێچی بەردەم دادگا کرا.
لەوێدا دوو وێنەی دژبەیەک لە یەک کاتدا ئامادەییان هەبوو؛ وێنەی ستەمکارێکی سمێڵزلی چوارشانە کە ساڵانێک مۆتەکەی گیانی زیندانیان بوو، لەگەڵ وێنەی پیرەپیاوێکی جەستە داشۆڕاوی زەلیل. ئەم دوو دیمەنە تەنیا گۆڕانی تەمەن نین، بەڵکو گوزارشتن لە کۆتایی سەردەمی جەلادێکی بەناو بانگ و دەستپێکی سەردەمی سەروەریی یاسا.
عەجاج و دەستگیرکردن
دوای بڵاوبوونەوەی چەندین گێڕانەوەی جیاواز لەسەر چۆنیەتی دەستگیرکردنی (عەجاج تیکریتی)، یەکێک لە ناسراوترین جەلادەکانی شاڵاوی ئەنفال و زیندانی نوگرە سەلمان، زانیاری نوێ لەسەر دەستگیرکردنی بڵاو دەبێتەوە.
لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و داکۆکیکار لە پرسی ئەنفال، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "پێچەوانەی زۆرێک لەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، دۆزینەوە و دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لایەنانەی کە کێشەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ (عەجاج) هەبووە، زانیاری وردیان لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی داوەتە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەندێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانیش بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
لەتیف فاتیح فەرەج وتیشی: "ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە بووە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دۆسیەی نوگرە سەلمان و سەرەنجام دەستگیرکردنی ئەو جەلادەی کە ساڵانێکی زۆر بوو خۆی لە چاوی دادگا شاردبووەوە."
هاوکات فەزیلە کە یەکێکە لە رزگاربووانی نوگرە سەلمان، ئاماژە بەوە دەکات کاتێک سەردانی ناوچەکەی کردووە، سەرەداوی دۆزینەوەی عەجاجی لەرێگەی چەند کەسێکی عەرەبەوە دەستکەوتووە.
پێدەچێت گێڕانەوەی چیرۆکەکان جیاوازییان تێدا بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە هاوتایی تێدایە بەوەی پێدەچێت ئەوانەی زانیارییان بەو ژنە کەسوکار ئەنفالکراوە دابێت، ئەو کەسانە بووبن کە لەگەڵ عەجاجدا ناکۆک بووبن.
پێشتر بینراوە
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەنجەرە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، شوێنی نیشتەجێبوونی عەجاج ئەوەندە نادیار نەبووە؛ تەنانەت چەند کەسێکی کورد سەردانیان کردووە و دەربارەی تاوانەکانی "نوگرە سەلمان" ڕووبەڕووی قسەیان لەگەڵ کردووە.
لەو دیدارەدا، ناوبراو نکۆڵی لە ناسنامەی خۆی نەکردووە، بەڵام هەموو جۆرە تێوەگلانێکی لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەنفالکراوانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان ڕەتکردووەتەوە.
دوای ئەو قۆناغە، عەجاج بە تەواوی خۆی ون کرد و هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی نیشتەجێبوونی لەبەر دەستدا نەبوو، تا دواجار لە نێوان مانگی چوار و پێنجی ساڵی ٢٠٢٥دا دۆزرایەوە و ڕاپێچی بەردەم دادگا کرا.