هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو؛ سەدر ئامادەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی (سەرایا سەلام) پیشان دەدات

٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٥٠ پاش نیوەڕۆ

هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو؛ سەدر ئامادەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی (سەرایا سەلام) پیشان دەدات

پەنجەرە

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی بۆ ئەو کەسە دیاریکرد کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق وەردەگرێت. 
سەدر جەختیکردەوە کە ڕەزامەندی خودا و گەل لە ڕەزامەندی "ئالی سەدر"دایە و داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی سەربازیی و سیاسیی حکومەتدا دەکات.

گروپە چەکدارەکان

سەدر داوا دەکات سەرجەم گروپە چەکدارەکان ببنە بەشێک لە فەرماندەییەک بەناوی (سەربازانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان) و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عومرە، یان بکرێنە ڕێکخراوی مرۆیی. 
ڕاشیگەیاند: "ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، ئێمە ئامادەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی لیوای (یومی مەوعود) و ڕادەستکردنی (سەرایا سەلام) بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."

پێکهێنانی کابینەی وەزاریی

سەدر هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەی "تێکەڵەی عەتار" لە پێکهێنانی حکومەت و داوا دەکات هەر کەسایەتییەک کە باڵێکی چەکداری هەبێت لە کابینەکە دووربخرێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتێکی جێی متمانەی گەل پێکبهێنرێت.

سەربەخۆیی عێراق

جەخت لەسەر کارکردنی بەردەوام دەکاتەوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ڕاستەقینەی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی، چ لە لایەن "ڕۆژهەڵات" یان "ڕۆژئاوا"وە بێت.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

سەدر داوای دەستپێکردنی هەڵمەتێکی خێرا دەکات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە ماوەی تەنها ٩٠ ڕۆژدا، بە جۆرێک کە یەکەم هەنگاو سزادانی ئەنجامدەرانی کەیسی "دزی سەدە" بێت.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

داوای بەهێزکردنی پێگەی عێراق و کرانەوەی زیاتر بەڕووی جیهانی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتیدا دەکات، بە مەرجێک پارێزگاری لە شکۆی وڵات بکرێت و دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا ڕەتبکرێتەوە.

بەشدارینەکردن لە حکومەت

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە ڕازی نین بە بوونی هیچ ئەندامێکی "ڕەوتی نیشتمانیی شیعە" لە ناو کابینەی وەزاریی داهاتوودا و هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتی ئەوان ناکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو