کۆسپە یاساییەکان و ململانێی پۆستەکان؛ هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم بنبەستێکی قووڵدایە.
تائێستا نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و نە حکومەتی نوێ پێکهێنراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنی سەرەکی (پارتی و یەکێتی) گەیشتووەتە ئاستی پچڕانی تەواوەتی پەیوەندیی نێوان تیمە حکومییەکانیان.
ململانێی پۆستەکان
ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە سیاسییەکە لەسەر پشک و دەسەڵاتەکان چڕبووەتەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی "بیانوو دەگرێت و داوای پۆست لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکات". لە بەرامبەردا، یەکێتی باس لەوە دەکات کە پارتی دەیەوێت سەرجەم دەسەڵات و پۆستە هەستیارەکان بۆ خۆی قۆرخ بکات.
دۆخی هەرێم
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی ناکۆکییەکان بە پەنجەرە ی ڕاگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاییکردنەوە و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دۆخی چەقبەستووی هەرێمیش بکەوێتە ناو گۆڕانکارییەوە؛ جا چ بە ئاراستەی ڕێککەوتنی سیاسی بێت یان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەوڵەکانی نزیکبوونەوە شکستیان هێنا، ئەوا یەکێک لە بژاردە بەهێزەکانی بەردەم پارتی، پەنابردنە بۆ کۆکردنەوەی "نیوە زائید یەک"ی دەنگەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت، یان وەرگرتنی ڕاوێژی یاسایی لە ئەنجومەنی شورا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە.
کۆسپە یاساییەکانی بەردەم هەڵبژاردن
لە ئێستادا ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەهۆی نەبوونی کۆمیسیۆنێکی کاراوە لە هەرێم بووەتە کارێکی ئەستەم، بەتایبەت کە وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی عێراقیش بەرەو تەواوبوون دەچێت. ئەمەش وایکردووە بژاردە یاساییەکان سنووردار بن.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان
دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، گرژییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە. میدیای فەرمی یەکێتی بە پەیامی "یان چاکسازی یان ترازان" هێرشی توندی کردە سەر ئەدای حکومەت، کە چاودێران دەڵێن رەنگە رەنگدانەوەی توندبوونی مامەڵەی مەسرور بارزانی بێت بەرامبەر تیمی یەکێتی لەم قۆناغەدا.
بەپێی پێشهاتەکان، دۆخی هەرێم لەبەردەم سێ ڕێگادایە، بەردەوامیی بنبەستی سیاسی و درێژەدان بەم دۆخە ناڕوونە، یان دۆزینەوەی دەرەچەیەکی یاسایی بۆ گەڕانەوە بۆ سندوقەکانی دەنگدان. یاخود پەنابردنی پارتی بۆ "زۆرینەی پەرلەمانی" و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی.
یان بردنی دۆسیەکە بۆ دادگای فیدراڵی و یەکلاییردنەوەی لەلایەن دادگاوە، هەرچەندە پێشتر دادگا دوو سکاڵای کۆمەڵ و نەوەی نوێی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رەتکردووەتەوە، بە بیانووی ئەوەی پسپۆڕیی ئەو نییە.