ستراتیژیی "قۆناغی دوای ڕێککەوتن"؛ ئایا هەرێم دەبێتە قوربانیی؟

١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ

ستراتیژیی "قۆناغی دوای ڕێککەوتن"؛ ئایا هەرێم دەبێتە قوربانیی؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێت و ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە، پێشبینی دەکرێت لە دوای ئەم هەنگاوە فشارەکانی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بچنە قۆناغێکی زۆر قورسترەوە. ئەم مەترسییانە لە کاتێکدایە کە هەرێم لە ناوخۆدا بەدەست "ماڵی لێکترازاو و ویژدانی بیمار" و نەبوونی یەکدەنگیی نیشتمانییەوە دەناڵێنێت.

ستراتیژیی تاران؛ هەرێم وەک ئامانجی "قۆناغی دوای ڕێککەوتن"

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دوو سەرچاوەی تایبەتەوە دەست "پەنجەرە" کەوتوون، ئێران پلانێکی چڕی هەیە بۆ ئەوەی لە قۆناغی دوای ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن، فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکات. 
تاران کە هەمیشە هەرێمی وەک "پێگەی ئەمریکا" و سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی خۆی وێنا کردووە، دەیەوێت لەرێگەی فشاری ڕاستەوخۆ و بەکارهێنانی کارتەکانی لە ناو حکومەتی عێراق، ئەجێندا سیاسییەکانی بسەپێنێت.

ئێران تەنانەت لە کاتی "ئاگربەستی نافەرمی" لەگەڵ ئەمریکاشدا، لە موشەکبارانکردنی هەرێم نەوەستاوە؛ بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و جێگیربوونی ڕێککەوتنەکان، ئەو فشارانە شێوازێکی توندتر و فرە ڕەهەندتر بگرنە بەر.

بیانووەکان و قۆناغی شەرعییەتپێدان

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تاران هەندێک "هەڵەی تاکتیکی" لایەنە کوردییەکانی لە سەرەتای شەڕدا کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی پلانەکانی دژی هەرێم شەرعییەت پێ بدات. 
ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی کەنداو، سەرەڕای هەبوونی بودجەی زەبەلاح و پاڵپشتی نێودەوڵەتی، هێشتا لە فشارەکانی ئێران دەترسن و خەریکی پێداچوونەوەن بە ستراتیژیی بەرگریی و فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەکانیان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هێشتا ململانێی حزبی لەسەر پۆست و پلە لە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانەوەیە.

هەڵوێستی واشنتن؛ بێدەنگییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەمریکا لە کاتی بۆردومانەکانی ئێراندا بۆسەر هەرێم، هەڵوێستێکی کردەیی ئەوتۆی نەبووە کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم بکات. 
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە "گەیشتنی چەک بۆ کورد" و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە وەک پرسێکی دەرەوەی ستراتیژیی چەسپاوی ئەمریکا، هێندەی تر دەستی تارانی واڵا کردووە بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەی مەترسی سەیری هەرێم بکات.

ئەم بێدەنگییەی واشنتن لە کاتی ئاگربەستدا، ئەو مەترسییەی دروست کردووە کە لە قۆناغی ڕێککەوتنی کۆتاییدا، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئیدارەی ترەمپ وا بخوازێت، هیچ گەرەنتییەک نییە کە چاوپۆشی لە پلانەکانی ئێران دژی هەرێم نەکرێت.

دەرەنجام: شەڕ لەسەر کێکێکی سوتاو

گەورەترین گرفتی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حزبە سیاسییەکان، لەبری پەند وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکەو ئامادەکاریی بۆ قۆناغی داهاتوو، هێشتا خەریکی قوڵکردنەوەی درزە ناوخۆییەکانن. 
چاودێران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە پڕ لە گرژیی و شیرازە تێکچووە، زەمینە بۆ ئێران خۆش دەکات تا لە داهاتوودا بە ئاسانی پلانەکانی جێبەجێ بکات. لە کاتێکدا لایەنەکان سەرقاڵی شەڕن لەسەر "کێکە" سیاسییەکە، ئەوەی لە دەستی دەدەن تەنها کێکەکە نییە، بەڵکو ئەگەری هەیە ئەم ململانێیە دواجار هەمووان بەیەکەوە بسوتێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو