هانتا ڤایرەس؛ ئایا مرۆڤایەتی لە بەردەم پەتایەکی نوێدایە؟
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرەسی "هانتا" لەنێو کەشتییەکی گەشتیاریدا و گیانلەدەستدانی سێ کەس لە کۆی هەشت توشبوو، شەپۆلێکی دڵەڕاوکێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە.
زۆر کەس دەپرسن: ئایا مێژووی کۆرۆنا دووبارە دەبێتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، ئاوات عەلی، خوێندکاری دکتۆرا لە کیمیای شیکاری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، ڕاستییە زانستییەکان دەخاتە ڕوو.
ڤایرەسێکی کۆن بە بەرگێکی نوێوە
بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن ڤایرەسەکە نوێیە، ئاوات عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە هانتا ڤایرەس گروپێکی ناسراوی ڤایرەسن و لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە دۆزراونەتەوە. زیاتر لە ٥٠ ساڵیشە لە تاقیگەکاندا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. ئەم ڤایرەسە ساڵانە لەنێوان ١٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا تووشی دەکات، کە زۆربەی کەیسەکان لە کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیان.
گواستنەوە؛ لە مشکەوە بۆ مرۆڤ
سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ئەم ڤایرەسە، قرتێنەرەکانن (بە تایبەت مشک). ڤایرەسەکە لەڕێگەی لیک و پاشەڕۆی ئەم گیانەوەرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، کاتێک ئاو، خواردن یان هەوایەک کە بەو پاشەڕۆیانە پیس بووە، دەگاتە ناو جەستە.
سەبارەت بە کەیسی کەشتییەکەش، ئاوات عەلی دەڵێت: "ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەن کە سیستەمی هەواگۆڕکێی کەشتییەکە یان سەرچاوەکانی خۆراک و ئاو بە پاشەڕۆی مشک پیس بووبێتن."
ئایا لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان کە ترس لای خەڵک دروست دەکات، گواستنەوەی نێوان مرۆڤەکانە. لێرەدا ئاوات عەلی دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "گواستنەوەی ئەم ڤایرەسە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر دەگمەنە." تەنها جۆرێکی تایبەت بە ناوی (ئاندیس) -کە هەر ئەم جۆرە بووە لەسەر کەشتییەکە بڵاوبووەتەوە- توانای گواستنەوەی هەیە، ئەویش تەنها لەڕێگەی بەرکەوتنی زۆر نزیکەوە وەک (سێکس، هەناسەی نزیک، یان پێکەوە نان خواردن).
مەترسییەکان و ڕێژەی مردن
ئەم ڤایرەسە تا ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی تایبەتی نییە، چونکە لە ڕابردوودا نەبووەتە پەتایەکی جیهانی و تەنها لە ناوچە هەژارنشینەکاندا ماوەتەوە. نیشانەکانی سەرەتا وەک هەڵامەتێکی ئاسایی و تا دەست پێدەکات، بەڵام مەترسییەکەی لەوەدایە کە ڕێژەی مردن تێیدا بەرزە؛ لە هەندێک ناوچەی ئەمریکا دەگاتە ٥٠٪ی توشبووان، لە کاتێکدا لە ئاسیا و ئەفریقا لەنێوان ١٪ بۆ ١٥٪ دایە.
کۆتایی دڵەڕاوکێ؛ زانست چی دەڵێت؟
ئاوات عەلی جەخت دەکاتەوە کە نابێت خەڵک بکەونە داوی ئەو هەواڵانەی تەنها بۆ کۆکردنەوەی "لایک و ڤیو" بڵاودەکرێنەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەری بوونی ئەم ڤایرەسە بە پەتایەکی گشتگیر (Pandemic) زۆر لاوازە.
خاڵە سەرەکییەکان بۆ تێگەیشتن لە هانتا:
* ڤایرەسەکە کۆنە: نوێ نییە و ساڵانە هەزاران کەس تووشی دەبن.
* گواستنەوەی دەگمەن: زۆر بە دەگمەن لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
* چاودێری ورد: دەسەڵاتە تەندروستییەکان چاودێری گەشتیارانی کەشتییەکە دەکەن و مەترسییەکە لەسەر بازنەیەکی دیاریکراوە نەک هەموو کۆمەڵگە.
بە کورتی، هانتا ڤایرەس مەترسیدارە بۆ توشبووەکە، بەڵام هەڕەشە نییە بۆ تێکدانی ئاسایشی تەندروستی جیهانی بەو شێوەیەی کە لە کۆڤید-١٩دا بینیمان.