وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت لە دەرەوەی هەرێمەوە نەوت رەوانەی تورکیا بکات
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا هێڵی هەناردەکردنی نەوتی خاوی (کەرکوک – نەینەوا) بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەست بە کار دەکات. هاوکات وەزارەت پلانی خۆی بۆ گەڕانەوەی ئاستی ئاسایی هەناردەکردن لە ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمزدا ئاشکرا کرد.
وردەکاریی پڕۆژەکە
باسم محەمەد، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، رایگەیاند: "وەزارەت کار بۆ تەواوکردنی هێڵی بۆری کەرکوک – نەینەوا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی مانگێکدا ئامادە بێت بۆ کارکردن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم بۆرییە دەکەوێتە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و توانای هەناردەکردنی ٣٥٠ هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە، بەڵام وتیشی: "لە ئێستادا گەیشتن بەو ژمارەیە ئەستەمە، چونکە توانای بۆریی گواستنەوەی نێوان بەسرە و کەرکوک سنووردارە."
وەک چارەسەرێکی تەکنیکی، بریکاری وەزارەت ئاماژەی بە پرۆژەی ستراتیژیی (بەسرە – حەدیسە) کرد کە لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.
هەناردەکردن لە گەرووی هورمزەوە
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، باسم محەمەد روونیکردەوە کە پێش ئاڵۆزییەکان، عێراق رۆژانە ۳ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی راستەقینە ٤ ملیۆن و ۲۰۰ هەزار بەرمیل بووە. جەختیشیکردەوە: "لە ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز، وەزارەت دەتوانێت تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ئاستی هەناردەکردن بۆ باری ئاسایی پێشوو بگەڕێنێتەوە."