کۆتایی بەبێدەنگی هێنا؛ سەدر هەڕەشە لە حکومەتەکەی زەیدی دەکات
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دوای زیاتر لە شەش مانگ بێدەنگی بەرامبەر قەیرانی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد.
سەدر بە شێوەیەکی کتوپڕ هێڵە گشتییەکانی کۆتاییهاتنی پێشوەختەی حکومەتەکەی "عەلی زەیدی" کێشا، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا متمانە وەربگرێت؛ ئەمەش دیمەنی ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی حەوت ساڵ پێش ئێستا دەهێنێتەوە یاد.
زەیدی لەنێوان بەرداشی واشنتۆن و تاراندا
عەلی زەیدی، کە تا ئێستاش گێڕانەوەکان دەربارەی چۆنیەتی گەیشتنی بە پۆستی سەرۆکوەزیران دژبەیەک و تەمومژاوین، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو کارنامەی حکومەتەکەی خۆی ڕادەستی پەرلەمان کرد و چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی دەنگدانە.
سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە:
* لە لایەکەوە هەوڵی ڕازیکردنی واشنتۆن دەدات لەڕێگەی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان.
* لە لایەکی ترەوە کارنامەکەی بڕگەی "بەهێزکردنی حەشدی شەعبی" تێدایە، ئەوەش لەژێر گوشاری لایەنگرانی ئێران کە لەڕێگەی چەند گرووپێکی چەکدارەوە دانەنانی چەک رەتدەکەنەوە.
نەخشەڕێگاکەی سەدر بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی
پەرلەمانتارێکی پێشووی فراکسیۆنی "سائیریون" ڕاگەیاندووە، کە سەدر بەم پەیامەی جۆرێک لە "نەخشەڕێگا"ی خستووەتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی گرووپە چەکدارەکان.
ئەم هەنگاوە لە ساتێکی هەستیاردا دێت کە هەڕەشە لە بوونی حکومەتە نوێیەکە دەکات و دەرگای سزای نێودەوڵەتی یان ڕووخانی حکومەتەکە دەکاتەوە ئەگەر شکستی هێنا.
سەدر جارێکی تر جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی بە "میلیشیا سەرکێشەکان" ناوی بردن و تێکەڵکردنیان بە سوپا، وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
"جندی شعائر" یان گرووپی مرۆیی؛ پێشنیازە نوێیەکەی سەدر
سەدر لە پەیامەکەیدا پێشنیازی کردووە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کە هەر کەسێک بێت، گرووپە چەکدارەکان بگۆڕێت بۆ:
* پێکهاتەیەک بەناوی (جند الشعائر الدينية) کە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی حەج و عەمرەدا بن.
* یان گۆڕینیان بۆ تیمێکی مرۆیی بۆ فریاگوزاریی و هاوکاریی.
هەر لایەنێکیش ئەمە ڕەتبکاتەوە، بە "یاخیبوو لە یاسا" هەژمار دەکرێت.
دوورکەوتنەوە لە "خلطة العطار"
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەدر ئاماژەی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی ئێران کرد، کە تێوەگلاوە لە داڕشتنی کۆتا ساتەکانی قەیرانی دەسەڵاتی نێوان سوودانی و مالیکی. سەدر دەستەواژە بەناوبانگەکەی خۆی (خلطة العطار ) بەکارهێناوەوە و داوای کردووە کە کابینەی نوێ بەو شێوازە پشکپشکێنەیە پێک نەیەت، هەر لایەنێک باڵی چەکداری هەبێت بەتەواوی لە حکومەت دوور بخرێتەوە، تاوەکو حکومەتێکی "خزمەتگوزار" کە داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکات، بێتە کایەوە.