سوریا لە گۆشەگیرییەوە بۆ هێڵی ستراتیژیی؛ ئایا دیمەشق دەبێتە ڕزگارکەری وزەی جیهان؟

١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢١ پاش نیوەڕۆ

سوریا لە گۆشەگیرییەوە بۆ هێڵی ستراتیژیی؛ ئایا دیمەشق دەبێتە ڕزگارکەری وزەی جیهان؟

پەنجەرە 

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، وسوریا گۆڕانکارییەکی گەورەی  بەخۆوە بینی؛ لە وڵاتێکی پشتگیریکاری ئێران و گیرۆدەبوو بەدەست جەنگی ناوخۆییەوە، وەرچەرخا بۆ ناوەندێکی گرنگ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە. ئێستا سوریا وەک گۆڕەپانێکی گرنگ لێیدەڕوانرێت بۆ ڕزگارکردنی جیهان لە لێکەوتەکانی گەمارۆدانی گەرووی هورمز.

جەنگی ئێران و گۆڕانی هاوکێشەکان

ئەم تێڕوانینە نوێیە بۆ سوریا دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران هاتە ئاراوە. دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو، تاران گەرووی هورمزی داخست، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە عێراق، سعودیە، کوەیت و ئیماراتەوە.

لە ئێستادا سوریا خۆی جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز نمایش دەکات. پێگەی جوگرافیی سوریا لە دڵی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتە نوێیەکەی کە خۆی لە جەنگی ئێران بەدوور گرتووە، وایکردووە ئەم دەسپێشخەرییە پێشوازییەکی گەرمی لێ بکرێت.

هەنگاوە کردەییەکان و "پردی وشکانی"

پڕۆژەی بوون بە ڕێڕەوی وزە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لە سەرەتای مانگی نیساندا سوریا و عێراق سنوورەکانیان بەڕووی تانکەرە نەوتیەکانی عێراقدا واڵا کرد بۆ گەیشتن بە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست.

هاوکات، گۆڤاری "المجلة"ی لەندەنی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی "تۆم باراک" نێردەی تایبەتی ئەمریکای بۆ سوریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای دروستکردنی "پردێکی وشکانی لە ڕێگەی سوریاوە" دەکات. ئەم پڕۆژەیە هەزاران کیلۆمەتر بۆریی نەوت لەخۆ دەگرێت کە وڵاتانی کەنداو و عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

بێلایەنیی ستراتیژیی: میراتی دوای ئەسەد

ئەم دەرفەتە نوێیانە ئەنجامی ئەو "بێلایەنییە ستراتیژییە"یە کە حکومەتی کاتیی سوریا پەیڕەوی دەکات. ئەم حکومەتە کە لەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە پێکهاتووە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، بە تەواوی ئاراستەی وڵاتی گۆڕیوە.

خدر خزور، توێژەر لە ناوەندی کارنیگی، ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق تەنها یەک ئامانجی سەرەکییان هەیە: "ڕێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە سوریا ببێتە مەیدانی ململانێ هەرێمییەکان." هەر بۆیە دیمەشق خۆی لە ئێران دوورخستووەتەوە و کۆنترۆڵی سنوورەکانی توندتر کردووە بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخی چەک و ماددەی هۆشبەر.

بە پێچەوانەی عێراقەوە، سوریا هیچ سکاڵایەکی فەرمی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمەش وەک جۆرێک لە ڕەزامەندیی بێدەنگ لێکدراوەتەوە.

ئاسۆی ئابوریی

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی فراوانی دەستپێکردووە. لە ئەڵمانیاوە "یوهان فادیفۆل" وەزیری دەرەوە، سوریای وەک "ناوەندێکی ستراتیژی نێوان ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو" وەسفکرد. تەنانەت یەکێتیی ئەوروپاش پێشنیاری کاراکردنەوەی ڕێککەوتنامەی ساڵی ١٩٧٨ی لەگەڵ سوریا کردووە.

جگە لە وزە، سوریا دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ کێبڵە دیجیتاڵییەکان. دوای ئەوەی سعوودیە بڕیاری دا کێبڵی نێوان "ڕۆژهەڵات و دەریای ناوەڕاست" (EMC) لەبری ئیسرائیل، بە ناو سوریادا ببات، بایەخی ئەم وڵاتە زیاتر بوو.

ئاستەنگەکان: لە خەونەوە بۆ واقیع

سەرەڕای ئەم گەشبینییە، چاودێران هۆشداری دەدەن کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژانە بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی سیاسی، ڕێگری لە گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش، و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکان.
ناوەندی "کەرم شەعار" بۆ لێکۆڵینەوەی ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان "وڵاتی تێپەڕبوون" و "ناوەندی وزە". سوریا لە ئێستادا تەنها وڵاتێکی میوانە بۆ ژێرخانی وزە، بەڵام ئاواتەخوازە ببێتە ناوەندێکی بڕیاردەر، کە ئەمەش پێویستی بە کات و وەبەرهێنانی زەبەلاح هەیە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو