هەرێمی کوردستان لە نێوان چەقبەستوویی سیاسی و هەڕەشە دەرەکییەکاندا؛ قەوارەیەک بەرەو لێکترازان؟
١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا، هێشتا نەیانتوانیووە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن.
ئەم چەقبەستووییە نەک تەنها دامەزراوەکانی پەکخستووە، بەڵکو هەرێمەکەی رووبەڕووی مەترسیی جدی ئابووریی و ئەمنی کردووەتەوە، بەتایبەت لە سایەی لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەیی ئێراندا.
کێشەی سەرەکی؛ ململانێی پارتی و یەکێتی
لە ناو جەرگەی ئەم قەیرانەدا، ململانێی مێژوویی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامی هەیە. ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی ساڵی ٢٠٠٦ کە بووە هەوێنی سەقامگیریی سیاسی و یاسایی، ئێستا بەرەو داڕمان دەچێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە هێزی یەکەم و سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکان دەزانێت و دەیەوێت کۆتایی بە سیستەمی "پەنجا بە پەنجا" بهێنێت.
لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک هاوبەشێکی راستەقینە و هاوسەنگ وەربگرێتەوە و نیگەرانە لە "چڕبوونەوەی دەسەڵات" لای پارتی، بۆیە هیچ رێککەوتنێک بەبێ شەراکەتی راستەقینە قبوڵ ناکات.
بەغدا و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز
ململانێی ئەم دوو حزبە تەنها لە هەولێر قەتیس نەماوە، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ بەغداش. کێشەی سەرۆک کۆمار بووە خاڵی وەرچەرخان؛ پارتی پێیوابوو ئەم پۆستە مافی ئەوانە وەک گەورەترین فراکسیۆن، لە بەرامبەردا یەکێتی وەک میراتێکی سیاسی خۆی لێیڕوانی. دواجار هاوکێشەکە لەبەغدا لە بەرژەوەندیی یەکێتی کۆتاییهات و پۆستەکەی بەدەستهێنا.
ئەم لێکترازانە دەرفەتی بۆ بەغدا رەخساندووە تا دەسەڵاتە داراییەکانی هەرێم سنووردار بکات، لەوانە، کۆنترۆڵکردنی هەناردەی نەوت و سەپاندنی سیستەمی نوێی گومرگی (ASYCUDA) کە دەسەڵاتی دارایی لە مەرزەکان لە دەست حزبەکان دەردەهێنێت.
هەڕەشە ئەمنییەکان و "شەڕی ئێران"
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی”CPT"ی ئەمەریکی، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای شەڕی ئێرانەوە رووبەڕووی نزیکەی ٦٩٥ هێرش بووەتەوە. نەبوونی یەکدەنگیی سیاسی لە هەولێر، وایکردووە هەرێم نەتوانێت لە واشنتۆن و تاران و بەغدا فشار بکات بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی. لایەنە نەیارەکان ئەم پەرتەوازییەیان قۆستووەتەوە بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی و سەربازیی هەرێم.
ئایندەی هەرێم: بەرەو کوێ؟
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە جیابوونەوەی فەرمی (دوو ئیدارەیی) کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەردەوامیی ئەم دۆخە ئەگەری ئەوەی هێناوەتە پێش کە درزی نێوان دوو دەسەڵاتەکە قوڵتر ببێتەوە.
قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان. یەکێتی و پارتی و دواکەوتنی زیاتری پێکهێنانی حکومەت، هەرێم بەرەو دووڕییانی پەرتەوازەیی زیاتر یاخود رێککەوتنێکی ناچاری دەبات، لەم نێوەندەشدا بەدوور نازانرێت دادگای فیدراڵی عێراق ببێتەوە بە وێستگەیەکی تری یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.
ئەوەی پێشتر "ئەستەم" بوو، ئێستا بەهۆی توندی هەڵوێستی نەوەی نوێی نێو سەرکردایەتی هەردوو حزب و قووڵبوونەوەی بێ متمانەیی، خەریکە دەبێتە واقیعێکی تاڵ کە هەڕەشە لە بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.