لە موسڵمانەوە بۆ مەسیحی؛ چیرۆکی کچە عێراقییەک کە یاسایەکی ١٠ ساڵەی هەژاند
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "تحالف الدفاع عن الحريات" (ADF International)، کچە گەنجێکی کریستیانی عێراقی بە ناوی "مەریەم" (ناوێکی خوازراوە) توانی سەرکەوتنێکی یاسایی بەدەستبهێنێت.
مەریەم لە ڕێگەی دادگاوە توانی ناسنامەی ئایینی خۆی لە "موسڵمان"ەوە بگەڕێنێتەوە بۆ "مەسیحی"، دوای ئەوەی بەهۆی یاسای باری شارستانییەوە ئایینەکەی گۆڕدرابوو.
ڕەهەندە یاساییەکانی کێشەکە
کێشەی مەریەم و خوشکەکانی لەوەوە دەستیپێکرد کە دایکیان دوای جیابوونەوە لە باوکیان، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی موسڵمان کردبوو.
بەپێی ماددەی ٢٦ (بڕگەی ٢) لە یاسای کارتی نیشتمانیی عێراق (ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦): منداڵانی کەم تەمەن (قاصر) پەیڕەوی ئایینی ئەو باوک یان دایکە دەکەن کە دەبێتە موسڵمان."
بەهۆی ئەم یاسایەوە، مەریەم و خوشکەکانی سەرەڕای ئەوەی لە خێزانێکی مەسیحی گەورە بوون، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە زۆرەملێ لە فەرمانگەکانی دەوڵەت وەک موسڵمان تۆمار کران.
بڕیارەکەی دادگا
دوای ئەوەی مەریەم گەیشتە تەمەنی یاسایی (١٨ ساڵ)، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ داوایەکی یاسایی بۆ ڕاستکردنەوەی باری ئایینی خۆی تۆمار کرد. دادگای عێراقیش بڕیاری لە بەرژەوەندی مەریەم دا و مافی پێدا کە ئایینی خۆی هەڵبژێرێت و لە بنکەی زانیارییەکانی حکومەتدا وەک مەسیحی تۆمار بکرێتەوە.
رەهەندەکانی ئەم بڕیارە:
* پێشینەی یاسایی: ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ کەمینە ئایینییەکانی دیکە لە عێراق و ناوچەکە کە تووشی هەمان کێشە دەبن.
* ئازادیی بیروباوەڕ: بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت دەوڵەت ئایین بەسەر کەسەکاندا بسەپێنێت.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
کێڵسی زورزی، بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی ADF ڕایگەیاند: ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونە؛ نابێت هیچ کەسێک تەمەنی درێژی بەو ناسنامە ئایینییانەوە پابەند بکرێت کە لە منداڵیدا بەسەریدا سەپێنراوە. دەوڵەت دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئایینی مرۆڤەکان بە هەمیشەیی دیاری بکات."
دۆخی خوشکەکانی مریەم و هەنگاوەکانی داهاتوو
لە ئێستادا دوو خوشکەکەی مەریەم هێشتا وەک موسڵمان ماونەتەوە، چونکە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی، بەڵام بڕیارە بە هەمان ڕێکاری مەریەمدا بڕۆن کاتێک تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی یاساکانی عێراق، دەوڵەت تانە لەم بڕیارە دەدات لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی (بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری)، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ململانێیەکی یاسایی توند لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام بێت.