پەنجەرە کاندیدە نوێیەکانی لایەنە کوردییەکان بۆ حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکات
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پشکی لایەنە کوردییەکان و ناوی کاندیدە نوێیەکان بۆ وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان بەرەو یەکلاییبوونەوە دەچن. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "پەنجەرە" کەوتوون، گۆڕانکاری لە بەشێک لە ناوەکاندا کراوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی پۆستەکانی (جێگری سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە)ی بەردەکەوێت. کاندیدە نوێیەکانیش بەم شێوەیەن:
* فارس بریفکانی: ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران.
* فواد حسێن: وەک کاندید بۆ وەزارەتی دەرەوە دەستنیشانکراوەتەوە.
* وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: هەریەکە لە (نەوزاد هادی و ڕێباز حەملان) کاندیدن و بڕیارە یەکێکیان جێگیر بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو ڕێبەر ئەحمەد بۆ وەزارەتی دەرەوە و فواد حسێن بۆ جێگری سەرۆکوەزیران کاندید بن، بەڵام ئەوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە تەنیا بەشێکیان ڕاستن و بەشەکەی تری وا نییە، لە کۆتاییدا مەسعود بارزانی خۆی ناوی کاندیدەکان یەکلایی دەکاتەوە."
یەکێتی و نەوەی نوێ
سەبارەت بە لایەنەکانی دیکە، پۆستی وەزارەتەکان بەم شێوەیە دابەشکراون:
* یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پۆستی وەزارەتی دادی بۆ (خالید شوانی) یەکلایی کردووەتەوە.
* نەوەی نوێ: وەزارەتی ژینگەی پێدراوە و (سروە عەبدولواحید) کاندیدی سەرەکییە بۆ ئەو پۆستە.