شێخە عەرەبەکانی سوریا بۆ فشارخستنە سەر هەسەدە دەگەنە بەغدا

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ

شێخە عەرەبەکانی سوریا بۆ فشارخستنە سەر هەسەدە دەگەنە بەغدا

پەنجەرە

وەفدێکی باڵای هۆزەکانی سووریا، لەچەند رۆژی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتی موسعەب جەدعان، سەرۆک هۆزی عگێدات، دەگەنە بەغدا و لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق تاوتوێی چەند پرسێکی ئەمنی و مرۆیی دەکەن کە هەندێکیان پەیوەندییان بە "هەسەدە"ـوە هەیە.

زانیارییە دزەپێکراوەکان لە کۆبوونەوەکەوە ئاماژە بەوەدەکەن، شێخی عگێدات، بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە نێوەندگیری بکات و فشار بخاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ئازادکردنی سەدان دەستگیرکراوی هۆزە عەرەبەکان، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن ئەو هێزانەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستبەسەر کراون.

جگە لە پرسی زیندانیان، وەفدە عەشایەرییەکە داوای پێداچوونەوەی بە دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانە کردووە کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش، لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە بۆ ناو خاکی عێراق گواستراونەتەوە، ئەمەش دوای ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان دیمەشق و لایەنی کوردی لە سووریا.

لایەنێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پرسی سنوورەکان؛ وەفدەکە ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەبێ لێپرسینەوە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە سووریا، داوایان کردووە کۆنترۆڵی توندتر بەسەر ئەو جووڵانەدا هەبێت.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە قاسم ئەعرەجی- ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی هەسەدە و بەتایبەت مەزڵوم عەبدیی دا هەیە. هۆزەکانیش چاویان لەوەیە ئەم پەیوەندییانە بەکاربهێنێت بۆ بەدییهێنانی داواکانیان بەتایبەتی چارەسەرکردنی پرسی زیندانییە عەرەبەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو