لوتکەی پەکین؛ هەوڵی ترەمپ و شی جین پینگ بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەسەردانێکی گرنگ و فەرمی گەیشتە چین. سەردانەکە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییە گەورەکانە، کە بەبێ بەشداریی ئەم دوو زلهێزە ئەستەمە؛ ئەمریکا وەک گەورەترین ئابووریی جیهان و چین وەک دووەم گەورەترین، لە هەمان کاتدا هەردوو وڵات گەورەترین سەرچاوەی گازە گەرمکەرەوەکانی زەوین.
گرەو لەسەر سەرکەوتن
پەکین و واشنتۆن هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم دیدارە نابێت شکست بهێنێت. ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە ڕەهەندێکی جیهانیی دەبێت، بەڵام بۆ تڕەمپ و شی جین پینگ، ڕەهەندە ناوخۆییەکەش گرنگە.
هەردوولا دەیانەوێت وەک "پیاوی بەهێز" دەربکەون و لەبەردەم گەل و دەنگدەرانیاندا دەستکەوتی گەورە بخەنە ڕوو. ترەمپ دەزانێت کە دەتوانێت پشت بە بەڵێنەکانی چین ببەستێت، چونکە پەکین نایەوێت سەرۆکەکەی کە ١٣ ساڵە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ڕووبەڕووی هیچ شەرمەزارییەک ببێتەوە.
پێویستیی ترەمپ بە هەواڵی ئەرێنی
چو یین، پسپۆڕی سیاسی لە سەنتەری "بانگۆڵ" پێیوایە ترەمپ بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریی لە ڕاپرسییەکاندا پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەم، پێویستی زۆری بە "هەواڵی ئەرێنی" لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە.
وا دیارە پەلە پەلی ترەمپ بۆ چۆکپێدادانی خێرای ئێران (هاوپەیمانی چین) لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئێستا دەیەوێت لە پەکین گرەو لەسەر ڕێککەوتنێکی بازرگانی و وەرگرتنی گرێبەستی گەورە بکات بۆ ئەوەی وەک سەرکەوتنێک پێشکەشی دەنگدەرانی ئەمریکی بکات.
تایوان؛ هێڵی سووری پەکین
لەم نێوەندەدا، پرسی تایوان گەورەترین بەربەستە. پەکین تایوان بە پارێزگایەکی یاخیبوو دەزانێت و "مەبدەئی چینی یەکگرتوو" بە بنەمای پەیوەندییەکان دادەنێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەپێی یاسای ساڵی ١٩٧٩، پابەندە بە دابینکردنی چەکی بەرگریی بۆ تایوان.
لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە، تایوان داوای چەکی بە بڕی ١١ ملیار دۆلار لە ئەمریکا کردووە، پەکینیش هەوڵ دەدات ترەمپ ناچار بکات لێدوانێک بەدڵ و خواستی ئەوان سەبارەت بەم پرسە بدات.
جەنگی ئێران و ئۆکرانیا
چین دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لە جەنگەکانی ئێران و ئۆکرانیادا وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت. ئەمریکا پێویستی بە هاوکاریی چین هەیە بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. لە لایەکی دیکەوە، چین ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەتایبەت کە بڕیارە پوتین لە مانگی حوزەیراندا سەردانی پەکین بکات.
جەنگی بازرگانی و چیپی زیرەکی دەستکرد
پەیامی ترەمپ بۆ چین ڕوونە: "پێویستە چین کاڵای ئەمریکی زیاتر بکڕێت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی". هەرچەندە چین لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٠٢ی ملیار دۆلار قازانجی بازرگانیی هەبووە، بەڵام ئامادەیە کاڵای ئەمریکی بکڕێت بەو مەرجەی واشنتۆن گەمارۆکانی سەر هەناردەکردنی چیپە پێشکەوتووەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) سوک بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانە ببێتە سەرەتای "ڕێککەوتنێکی گەورە" (Big Deal) کە تێیدا هەردوولا لە هەندێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان خۆشببن بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەکی نوێ لە جیهاندا.