گوڵشیفتە فەراهانی؛ ئەو خانمەی خەوی لە بریجیت و ئارامیی لە ماکرۆن تێکدا
١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە پشت دیوارە بەرزەکانی کۆشکی ئەلیزێ، ئیمانوێل ماکرۆن و بریجیتی هاوسەری تەنیا لەناو کۆشکدا ناژین، بەڵکو لەناو "چیرۆکێکی سیاسی"دا دەژین کە خۆیان دروستیان کردووە.
ئەوە کە سەرەتا وەک هێمایەک بۆ "سەرۆکێکی گەنج و یاخی" دەردەکەوت، ئێستا لە کۆتایی خولی دووەمیدا خەریکە دەبێتە کەرەستەی میدیایی و زووم خراوەتە سەر ژیانی تایبەتی.
سۆزی ماڵەوە و قورسایی دەسەڵات
فلۆریان تاردێف، ڕۆژنامەنووسی لە گۆڤاری "پاریس ماتش"، لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی "هاوسەرێکی نیمچە نموونەیی" (Un couple (presque) parfait)، پەردە لەسەر لایەنە شاراوەکانی ژیانی سەرۆک لادەبات.
تاردێف دەڵێت: "بەیانیانی ئەلیزێ بە تۆنی سیاسەت دەست پێ ناکات، بەڵکو بە کوپێک چای لیمۆ و میوەیەک دەست پێ دەکات کە بریجیت بۆی ئامادە دەکات، لە کاتێکدا ماکرۆن خەریکی خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانە."
کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بریجیت تەنیا "خانمی یەکەم" نییە بەپێی پڕۆتۆکۆڵ، بەڵکو هاوبەشێکی ڕاستەقینەی دەسەڵات و پاڵپشتێکی دەروونیی بەهێزی ماکرۆنە. ماکرۆن خۆی لە ساڵی 2017دا وتبووی: "ئەگەر بریجیت دڵتەنگ بێت، من بەرگە ناگرم و لە کارەکەمدا شکستی دەهێنم."
کاتێک "تەقینەوەی تووڕەیی" دەبێتە قەیرانێکی جیهانی
یەکێک لە هەستیارترین بەشەکانی کتێبەکە، باس لە "ڕووداوەکەی هانۆی" دەکات لە ئایاری 2025. کاتێک کامێراکان دیمەنی بریجیتیان گرت کە پاڵ بە هاوسەرەکەیەوە دەنێت لە کاتی دابەزینیان لە فڕۆکە.
کۆشکی ئەلیزێ سەرەتا هەوڵیدا ڕووداوەکە بە "فەیک" و "ژێری دەستکرد" ناو ببات، بەڵام دواتر ناچار بوو دانی پێدا بنێت و وەک "دیمەنێکی ئاسایی نێوان ژن و مێرد" وەسفی بکات.
تاردێف دەڵێت ئەم ڕووداوە نیشانەی "دەسەڵاتێکی شڵەژاو" بوو کە لە ئاشکرابوونی لایەنە مرۆییەکانی زیاتر دەترسا وەک لە خودی ڕووداوەکە.
سێبەری "گوڵشیفتە فەراهانی"
کتێبەکە دەچێتە ناو وردەکارییەکی دیکەی مشتومڕاوی؛ ئەویش دەنگۆی پەیوەندیی نێوان ماکرۆن و خانمە ئەکتەری ئێرانی-فەڕەنسی "گوڵشیفتە فەراهانی"یە.
تاردێف ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە توندییەکەی بریجیت لە هانۆی پەیوەندیی بە دۆزینەوەی هەندێک نامەی نێوانیانەوە هەبووبێت.
هەرچەندە فەراهانی بە ساردییەوە وەڵامی ئەم دەنگۆیانەی دایەوە و بە "لاوازی خۆشەویستی لەناو کۆمەڵگەدا" وەسفی کرد، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە لە میدیاکانی فەڕەنسادا بووە جێی مشتومڕێکی زۆر و وەک نیشانەیەک بۆ درزکەوتنە نێو "وێنە نموونەییەکەی" هاوسەرانی ئەلیزێ سەیر کرا.
ئایا ماکرۆن هەڵەی کرد؟
کتێبەکە پرسیارێکی قووڵ دەورووژێنێت: ئایا ماکرۆن هەڵەی کرد کە لە سەرەتاوە ژیانی هاوسەریی خۆی کردە بەشێک لە پڕوپاگەندەی سیاسی؟ ئەو چیرۆکەی لە سەرەتادا وەک "بوێری" دەردەکەوت، ئێستا بووەتە خاڵێکی لاواز کە ئۆپۆزیسیۆن و سۆشیاڵ میدیا بۆ لێدانی پێگەی سەرۆک بەکاری دەهێنن.
لە کۆتاییدا، ئەم کتێبە وێنەی سەرۆکێکمان نیشان دەدات کە لە پشت وتارە فەرمییەکانەوە، مرۆڤێکی فشەڵە و زیاتر لەوەی سیاسەت دانی پێدا دەنێت، پشت بە هاوسەرەکەی دەبەستێت.