ڕاپۆرتێک لەناو هۆڵی دادگاوە: وردەکاریی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ

ڕاپۆرتێک لەناو هۆڵی دادگاوە: وردەکاریی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی

پەنجەرە

ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی (لاهور شێخ جەنگی) و ١١ تۆمەتباری دیکە بەڕێوەچوو. ئەم دانیشتنە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەستەی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدرا، پەردەی لەسەر چەندین وردەکاریی هەستیار لادا.

پێکهاتەی دادگا و تۆمەتباران

دانیشتنەکە لەلایەن دەستەیەکی دادوەرییەوە کە لە سێ دادوەر (دوو پیاو و ژنێک) پێکهاتبوون، بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی بەڕێوەچوو. لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، ڕێبوار حامید خاجی غالی و ٤ تۆمەتباری تر لەناو قەفەزی دادگا بوون، لە کاتێکدا ٥ تۆمەتبارەکەی تر بەهۆی نەبوونی جێگەوە لە دەرەوەی قەفەزەکە دانیشتبوون. تیمی بەرگری لاهور شێخ جەنگی لە ١٢ پارێزەر پێکهاتبوو.

کەیسەکە چییە؟

بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئەم دادگاییە پەیوەندی بە ڕووداوەکەی "لالەزار"ەوە نەبوو، بەڵکو تایبەت بوو بە:
* مادەی (٥٦): تایبەت بە ڕێککەوتنی تاوانکاری.
* تۆمەتەکان: هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و هەوڵی کودەتا.
لە کاتی خوێندنەوەی وتەکاندا، دادوەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، دوو درۆن ئاراستەی ماڵی مام جەلال کراون. لاهور شێخ جەنگی لە وەڵامدا وتی: «جەنابی حاکم، کاک بافڵ خۆشی باش دەزانێت ئەو درۆنانە هی تورکیا بوون».

کێشەی پارێزەران و گواستنەوەی دۆسیەکە

بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، ڕەخنەی لەوە گرت کە بۆچی دۆسیەکە بۆ وردبینیکردن ڕەوانەی دادگای تەمیزی هەولێر نەکراوە. لە بەرامبەردا دادوەر ڕایگەیاند کە دۆسیەکان هێشتا تەواو نەبوون و قەبارەیەکی گەورەیان هەیە (دۆسیەیەک ٦٨٧ لاپەڕە و ئەوی تریان ٢٥٢ لاپەڕەیە). ئەمەش بووە هۆی کشانەوەی یەکێک لە پارێزەران وەک ناڕەزایەتی، هەرچەندە دواتر لەلایەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانەوە داوای لێکرا پەلە نەکات لەو بڕیارە.

تۆمەتبارێک: "پیاوەتیم لەدەستداوە"

هەژێنەرترین بەشی دادگاییەکە، وتەی تۆمەتبارێکی تەمەن ٣١ ساڵ بوو. سەرەڕای ئەوەی سەرەتا باسی گواستنەوەی جانتا و قەناسی کرد بۆ شوقەیەکی نزیک دەباشان، بەڵام دواتر لەبەردەم دادوەردا هاواری کرد: "جەنابی حاکم، من ئەشکەنجەی زۆر دراوم. سەرم پێنج تەقەڵ و پشتم چەقۆی پێوەیە، دەم و دانم شکێندراوە. هێندە ئەشکەنجەدراوم، پیاوەتیم لەدەستداوە."

تۆمەتبارەکە ئاشکرای کرد کە تەنها بۆ ڕزگاربوون لە ئەشکەنجە، هەرچییان پێ وتووە واژۆی کردووە. لاهور شێخ جەنگی پشتڕاستی کردەوە کە ئەم گەنجانە لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا وتەیان لێوەرگیراوە. هەروەها ڕێبوار حامید حاجی غالی وتی: «ئەو کوڕە سێبەری من بووە و هیچ تاوانی نییە».

کۆتایی دانیشتنەکە

پارێزەران داوایان کرد شایەتحاڵەکە ڕادەستی پۆلیس بکرێت نەک ئاسایش، چونکە مەترسی ئەشکەنجەدانی دووبارەی لێدەکرێت لەسەر ئەو قسانەی لەبەردەم دادوەردا کردی. دادوەر سەرجەم وتەکانی تۆمارکرد و بڕیاریدا دانیشتنەکان بۆ کاتێکی تر بەردەوام بن.

تێبینی؛ زانیارییەکان لە بابەتێکی محەمەد رەئوف وەرگیراون


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو