کابینەی عەلی فالح زەیدی: کۆتایی چەقبەستوویی و سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی سەخت

١٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٤٨ پاش نیوەڕۆ

کابینەی عەلی فالح زەیدی: کۆتایی چەقبەستوویی و سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی سەخت

پەنجەرە

دوای کێشمەکێشێکی زۆری سیاسی و ململانێی توند لە نێوان لایەن و جەمسەرە جیاوازەکاندا، دواجار ئەمڕۆ هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێتە مەیدانی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی. 
بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی ئەنجام دەدرێت.

کۆدەنگی لەژێر سەقفی پەرلەماندا

دیمەنی چوونە ژوورەوەی نوری مالیکی، محەمەد شیاع سودانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ ناو بینای پەرلەمان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. 
لە هەمانکاتدا، ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردە باڵاکانی دیکەی عێراق، قورساییەکی زیاتر بە دانیشتنەکە دەبەخشن و وەک نیشانەیەک بۆ پاڵپشتیی حکومەتەکەی زەیدی لەم قۆناغە نوێیە لێکدەدرێتەوە.

ئامادەبوونی سەرکردەی لایەن و پێکهاتەکان لە ساتی پێدانی متمنە بە حکومەتەکەی زەیدی لەکاتێکدایە، ئەگەر زەیدی نەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و داواکارییەکانی هێزە کوردی و سوننەکان دا ڕابگرێت، ئەوا دواجار قۆناغێکی تری پڕ لە کێشمەکێش سەرهەڵدەداتەوە.

ململانێی ناوخۆیی و بەربەستەکانی بەردەم زەیدی

لەدایکبوونی ئەم حکومەتە کارێکی ئاسان نەبوو؛ دوای چەند مانگێک لە ململانێی توند لە نێوان لایەنە شیعەکاندا حکومەت پێکدەهێنرێت، بەتایبەتی لە نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی. 
کێشەی سەرەکی لەسەر دابەشکاریی وەزارەتە سیادییەکان و پۆستی سەرۆکوەزیران بوو، کە هەر لایەنە و هەوڵی دەدا زۆرترین هەژموونی خۆی لە ناو کابینە نوێیەکەدا جێگیر بکات.
ئامادەبوونی سەرکردە ناکۆکەکانی وەک مالیکی و سودانی لە تەنیشت یەکتر، نیشانەی جۆرێک لە "ئاگربەستی سیاسییە" نەک ڕێککەوتنی ستراتیژیی.

بەغدا لە نێوان بەرداشی واشنتۆن و تاراندا

جگە لە کێشە ناوخۆییەکان، حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە ژێر چاودێرییەکی توندی نێودەوڵەتیدایە. ململانێی ئەمەریکا و ئێران سێبەرێکی قورسی خستووەتە سەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت:

* واشنتۆن فشار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە دوور بێت لە هەژموونی تاران و سنوورێک بۆ چالاکیی گروپە چەکدارەکان دابنێت.
* تاران:بە هەموو شێوەیەک شەڕی مانەوەی هەژموونی خۆی دەکات و دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە حکومەتە نوێیەکە لە بەرژەوەندییەکانی ئەو نادات. 
بۆ تاران سەقامگیریی بەغدا گرنگە، بە مەرجێک حکومەتەکە پارێزەری بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی ئێران بێت.

دواجار 

ئەمڕۆ عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. حکومەتی عەلی زەیدی کە دوای مشتومڕێکی زۆر و لە نێوان هاوسەنگییەکی ناسکی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەدایکبوو، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێتەوە. ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان داواکارییەکانی ئەمەریکا و ئێراندا ڕابگرێت و لە ناوخۆشدا سەقامگیریی سیاسی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو