ئێران رێوشوێنە ئەمنییەکانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان توندتر دەکات
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پەنجەرە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توند و بە جۆرێک لە "گومان و وریاییەکی زۆرەوە" مامەڵە لەگەڵ جموجۆڵەکان دەکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوانەی ئێران لە کاتێکدایە کە قۆناغی ئاگربەست لە ئارادایە، وتیشی: "پێدەچێت تاران لەوە بترسێت کە لەم هەلومەرجەدا چەک و کەرەستەی سەربازیی لە سنوورەکانەوە ببرێتە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەر بۆیە ئاستی چاودێرییەکانی بەو شێوەیە بەرزکردووەتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم گومانانە، سەرچاوە ئاگادارەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێوشوێنانە تەنها پەیوەندییان بە "گومان"ەوە هەیە لای لایەنی ئێرانی، ئەگینا هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ گواستنەوەی چەک یان هەر شتێکی نایاسایی بۆ ناو خاکی ئێران و پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.