یەدەگی دراوی بیانی عێراق لەبەردەم مەترسیدا؛ ئایا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت؟
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی دارایی و ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی عێراق ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە. تەنها لەم مانگەدا ٣ ملیار دۆلار لەو یەدەکە کەمیکردووە، ئەمەش نیگەرانیی لای شارەزایانی ئابووری دروست کردووە سەبارەت بە سەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی یەدەگی دراوە بیانییەکانی بانکی ناوەندی لەژێر ناونیشانی "قەرزی ناوخۆیی". ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە داهاتی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە تەواو کەمیکردووە، حکومەتیش بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی تر فشار دەخاتە سەر یەدەگی دراوی بیانی
بەپێی زانیارییەکانی شارەزایانی بواری ئابووریی، ئاستی یەدەگی دراوی بیانی عێراق گۆڕانکاریی خێرای بەسەردا هاتووە، پێشتر عێراق نزیکەی ٩٩ ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانی هەبووە بەڵام ئێستا کەمیکردووە بۆ ٩٣ ملیار .
شارەزایان دەڵێن، لە مانگەکانی ڕابردوودا، عێراق بڕێک پارەی لە یەدەگی دراوی بیانی خەرجکردووە، ئەم مانگەش ٣ ملیار دۆلاری تری لێ کەم بووەتەوە.
یەدەگی دراوی بیانی قەڵغانی پاراستنی بەهای دینارە بەرامبەر بەدۆلار ؛ هەرچەندە ئەم یەدەکە کەمتر بێتەوە، توانای بانکی ناوەندی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بازاڕی دراو لاوازتر دەبێت.
هەرچەندە چاودێرانی ئابووری پێیانوایە هێشتا زووە باس لە "داڕمانی" بەهای دینار بکرێت، بەڵام هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە نابێت درێژە بکێشێت.
ئەگەر بۆ ماوەی ٦ تا ٧ مانگی تر حکومەت بەردەوام بێت لە خەرجکردن لە یەدەگی دراوی بیانی و هەناردەی نەوت ئاسایی نەبێتەوە، بێگومان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهای دینار دەبێت و دەبێتە هۆی لاوازبوونی دراوی نیشتمانی بەرامبەر بە دۆلار.
لە ئێستادا دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام بەردەوامیی "خواردنی یەدەگ" ئایندەی دارایی عێراق دەخاتە ناو تەمومژێکی مەترسیدارەوە.