نەخشەی سیاسی عێراق گۆڕا؛ مالیکی و بەرەی ناڕازی بەرەیەکی نوێ دروست دەکەن
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ناکۆکییەکانی رۆژی پێنجشەممەی نێو هۆڵی پەرلەمان، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بەتەواوەتی ئاڵۆز کردووە.
نەخشەی جەمسەربەندییە سیاسییەکان لە بەغدا بەرەو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەنگاو دەنێت، ئەمەش لەلایەک گرفت بۆ حکومەت دروست دەکات، لەلاکەی تریش قۆناغێکی نوێی کێشمەکێشی سیاسی دێنێتە ئاراوە.
نوری مالیکی توڕەیە
سەرچاوەی سەرەکی ئەم گرژییە نوێیانە، بۆ بێبەشکردنی بەشێک لە لایەنەکان لە پۆستە وەزارییەکان و متمانە نەدان بەهەندێک لە وەزیرەکان دەگەڕێتەوە.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای ئەوەی متمانە بە وەزیرە پێشنیارکراوەکانی نەدرا، توڕە و نیگەرانە، بۆیە لە پشت پەردەوە دەستی بە جوڵەی چڕی سیاسی کردووە و دەیەوێت هاوسەنگی هێز لەو لایەنانە تێکبدات کە ئێستا جڵەوی دۆخەکەیان بەدەستەوەیە.
لێکەوتەکانی ئەم توڕەییە زۆر خێرا بەدەرکەوت؛ لە یەکەم تەقینەوەی ناوخۆیی هاوپەیمانێتییەکەی سەرۆک وەزیراندا، فالح فەیاز (سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون) و ئەحمەد ئەسەدی (سەرۆکی قەوارەی عەقدی وەتەنی)، هاڕێ لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار، جیابوونەوەی خۆیان لە "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتی سودانی ڕاگەیاند.
بەرەی جیابووەوەکان لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری کشانەوەی خۆیان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند: بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەماندا ڕوویان دا، کە پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕێککەوتنە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان بوو، هەروەها بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشتگوێخستنی بەشێک لە نوێنەرانی گەل، بڕیاری کشانەوەمان دا؛ چونکە ئەو ڕێکارانەی پەیڕەوکراون بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا ناگونجێن."
لایەنە دژبەرەکان
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەنجەرە کەوتوون، گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە ئێستادا بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەشبووە، بەرەی نوێی مالیکی و ناڕازییەکان، کە سەرکردایەتی جموجۆڵێکی بەرفراوان دەکەن بۆ دروستکردنی بەرەیەکی دژبەر.
تا ئێستا چەندین سەرکردە چوونەتە پاڵ ئەم بەرەیە، لەوانە فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی، موسەنا سامەرائی، موحسن مەندەلاوی
و هادی عامری، هەوڵەکانی مالیکی بۆ ڕاکێشانی لایەنی زیاتر بۆ ناو ئەم بەرەیە بەردەوامە.
بەرەکەی تر کە لە ئێستادا جڵەوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانیان لە عێراقدا گرتووەتە دەست، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
ئەم بەرەیە توانیویانە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن و پێک هاتوون لە قەیس خەزعەلی، محەمەد حەلبوسی ، محەمەد شیاع سودانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕەیان کلدانی و چەند لایەنێکی تر.
داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی
ئەم دابەشبوونە قووڵە و سەنگەرگرتنی لایەنە شیعەکان لە یەکتری گەیشتووەتە ئاستێکی قوڵ ، بە جۆرێک چاودێران پێیانوایە تەمەنی "چوارچێوەی هەماهەنگی" وەک چەتری کۆکەرەوەی ماڵی شیعی بەرەو کۆتایی دەچێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لە عێراقدا شتێک بە ناوی ئەخلاقی سیاسی نەماوە. ڕێککەوتنی فەرمی ئەنجام دەدرێت، کەچی دواتر لە کاتی جێبەجێکردندا بەتەواوی پێچەوانەکەی پەیڕەو دەکرێت."
سەرچاوەکە بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بە داهاتووی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد و وتی: "عێراق لە ئێستادا کەوتووەتە دەست خەڵکانێک کە چاوەڕوانییەکی وایان لێناکرێت و ئەزموونی سیاسییان نییە، زۆربەیان گەنجن، ئەمەش پێگە و قورسایی سیاسی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بەتەواوی لاواز دەکات."