مالیکی بەردەوامە لە جوڵە؛ ناکۆکی نێوماڵی شیعە قوڵتر دەبێتەوە

١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ

مالیکی بەردەوامە لە جوڵە؛ ناکۆکی نێوماڵی شیعە قوڵتر دەبێتەوە

پەنجەرە

کێبڕکێ و ململانێی سیاسی نێوان جەمسەرە باڵادەستەکانی شیعە لە بەغداد پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ و چڕترەوە. سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد کە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جووڵەیەکی بەرفراوان و چڕی دژی لایەنە باڵادەستەکانی ناو حکومەت و خودی حکومەتەکە دەستپێکردووە بە ئامانجی لێدان لە پێگەی کابینەکەی ئێستا.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە بۆ پەنجەرە، دەنگۆیەک هەیە کە فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پەیوەندی بە نوری مالیکییەوە کردووە و بەڵێنی پێداوە کە دوای پشووی جەژن، کار بۆ تێپەڕاندنی کاندیدەکانی مالیکی بۆ چەند وەزارەتێک بکات. گوایە زەیدان بەڵێنی ئەوەشیداوە لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیەدا، کار دەکات بۆ وەرگرتنەوەی وەزارەتی کارەبا لەمحەمەد شیاع سودانی و سپاردنی بە لایەنێکی ناڕازیی ناو ماڵی شیعە.

سەرچاوەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە نوری مالیکی توڕەیە لە دۆخی ئێستا و فیکرەیەکی سیاسی لای گەڵاڵە بووە کە کار بۆ دوورخستنەوەی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، هاوشان لەگەڵ پەکخستن و ئیفلیجکردنی کارەکانی حکومەت. ئەم پلانەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، کە تێیدا ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەهۆی پرسی کارەباوە هەڵدەکشێت و دەکرێت وەک کارتێکی گوشاری بەهێز دژی حکومەت بەکاربهێنرێت.

لە کۆتاییدا سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە مالیکی لەسەر ئەم جوڵانە بەردەوامە و راناوەستێت؛ بەشێوەیەک کە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کوتلە و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بە مەبەستی فراوانکردنی بەرەی نەیارانی حکومەت و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ کە هاوسەنگی هێز لە پایتەخت بگۆڕێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو