ئاڵۆزییەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ مالیکی داوایەکی خەزعەلی و سودانی و حەلبوسی ڕەتدەکاتەوە
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەڕێگەی یاسا و دادگاوە لەلایەن بەرەیەکی بەهێزەوە ڕەتدەکرێنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەنجەرە کەوتوون، گروپەکەی (قەیس خەزعەلی، محەمەد شیاع سودانی، بافڵ تاڵەبانی، محەمەد حەلبوسی و ڕەیان کلدانی) پەیوەندییان بە گروپی ناڕازیی عێراقەوە کردووە بە سەرۆکایەتی مالیکی. لەو چوارچێوەیەدا، داوایان لێکردوون کە لەڕێگەی دادگاوە تانە لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بدەن کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە وەزیرەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەیەکی یاسایی.
لە بەرامبەردا، زانیارییەکان هێما بۆ ئەوە دەکەن کە گروپەکەی نوری مالیکی، کە ئێستا سەرقاڵی جموجۆڵی چڕ و فراوانکردنی بەرەکەیانن، ئەو پێشنیازەیان بە توندی ڕەتکردووەتەوە و پەنابردنیان بۆ دادگا ڕەتکردووەتەوە. گروپەکەی مالیکی لە پەیامێکی تونددا ڕایانگەیاندووە:”دەبێت سنوورێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێوە بەسەر پرۆسەی سیاسیدا دابنرێت."
سەرچاوەکان بۆ پەنجەرە ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی سیاسیی عێراق بە تەواوی ئاڵۆز بووە؛ لە ئێستادا گروپەکەی مالیکی ستراتیژییەکی نوێیان گرتووەتەبەر و دەیانەوێت لەڕێگەی پێکهێنانی کوتلەیەکی پەرلەمانیی گەورەوە، هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن و تەواوی دۆخە سیاسییەکە هەڵبگێڕنەوە.