چیرۆکی بەرەنگاریی دۆنی جۆرج لە بردنی "ئەرشیفی جوولەکەکانی عێراق"
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شایەتحاڵ و زانیارییە دیکۆمێنتەرییەکان، پەردە لەسەر نهێنییەکی سەرنجڕاکێشی پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لادەبەن، کەگرێدراوە بە هەوڵدان بۆ بردنی “ئەرشیفی دەگمەنی جوولەکەکانی عێراق"، کە پاڵەوانی رێگرییەکە شوێنەوارناسی کۆچکردووی عێراقی "دۆنی جۆرج یۆخەنا" بوو.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، پێش دەستپێکردنی جەنگ، دۆنی جۆرج زانیاریی نهێنی لەلایەن لایەنە بەریتانییەکانەوە پێگەیشتبوو کە ئاماژەیان بەوە دەکرد "تۆڕ و لایەنی ڕێکخراو" خەریکی کۆبوونەوەن بۆ بردنی پارچە شوێنەوارە دەگمەنەکانی عێراق، لەو ساتەی پشێویی و پاشاگەردانی لە وڵاتدا دروست دەبێت؛ لە سەرووی لیستی ئەو شوێنەوارە بەئامانجگیراوانەشدا "ئەرشیفی جوولەکەکانی عێراق" بوو.
ئەم ئەرشیفە سەدام حوسێن باش لە بەها مێژووییە گەورەکەی تێگەیشتبوو، لەناو حەشارگەیەکی قووڵ و قایمکراو بە دیوارە پۆڵایینەکان لە ژێرزەمینی یەکێک لە راگرەکانی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا شاردرابووەوە. شوێنەکە ئەوەندە نهێنی بوو کە تەنانەت زۆربەی کارمەندانی ناو باڵەخانەکەش ئاگاداری هەبوونی نەبوون.
بردنی ئەرشیفەکە بۆ ئیسرائیل
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ٢٠٠٣ و ئەو پاشاگەردانییە گەورەیەی دروستبوو، مۆزەخانە و دامەزراوە کولتوورییەکان ڕووبەڕووی تاڵانکارییەکی بەرفراوان بوونەوە. لەو کاتەدا، یەکەیەکی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی کە ئەرکیان گەڕان بوو بەدوای "چەکی کۆکوژ"دا، چوونە سەر بارەگا هەواڵگیرییەکە و لە کاتی پشکنیندا، ئەرشیفی جوولەکەکانیان لەناو ئەو ژێرزەمینەدا دۆزییەوە کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە ئاوی تێزابوو.
دەستبەجێ هێزە ئەمریکییەکان تەواوی ئەرشیفەکەیان لەژێر ناوی "پاراستنی کاتی" بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گواستەوە. بەڵام دواتر ناوەندە کولتوورییەکان شۆک بوون کاتێک بینییان دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پێشانگای فەرمییان بۆ ئەم ئەرشیفە عێراقییە لە ناو جەرگەی ئیسرائیلدا کردەوە.
شەڕی گەڕاندنەوە و هەڕەشەی تیرۆرکردن
دۆنی جۆرج، شوێنەوارناسی ناودار، کۆڵی نەدا و جەنگێکی سەختی بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران پارچە شوێنەواری تاڵانکراو دەستپێکرد. ئەو بووە دیارترین دەنگی جیهانی کە داوای لە واشنتۆن دەکرد ئەرشیفی جوولەکەکان بگێڕێتەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا جەختی دەکردەوە ئەم ئەرشیفە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامە و کەلەپووری نیشتمانیی عێراق و موڵکی هیچ دەوڵەتێکی تر نییە.
بەهۆی ئەم هەڵوێستانەوە، "جۆرج" ڕووبەڕووی کەمپینێکی توندی هەڕەشەی کوشتن بووەوە لەناو عێراقدا و بە موعجیزە لە ههوڵێکی تیرۆرکردنی پلان بۆ داڕێژراو لە جەرگەی بەغدای پایتەخت ڕزگاری بوو، ئەمەش ناچاریکرد لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، وڵات بەجێبهێڵێت و کۆچ بکات.
کۆچی دوایی
لە ساڵی ٢٠١١دا، لەکاتێکدا هێشتا لەسەر پەیامەکەی بۆ بەرگریکردن لە شارستانیەتی دۆڵی ڕافیدەین بەردەوام بوو، دۆنی جۆرج گەشتیکرد بۆ کەنەدا بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لەژێر ناونیشانی "شوێنەوارە دزراوەکانی عێراق".
بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی لەناکاو کۆچی دوایی ڕاگەیەندرا، کە بەپێی لێدوانی فەرمی هۆکارەکەی جەڵتەی دڵ بووە.
کاتی کۆچی دواییە لەناکاوەکەی و ئەو دۆخە تەمومژاوییەی دەوری دۆسیەی شوێنەوارەکەی دابوو، لەناو ناوەندە عێراقی و نێودەوڵەتییەکاندا کۆمەڵێک نیشانەی پرسیار و گومان و لێکدانەوەی بەجێهێشت کە تا ئهمڕۆش بێ وەڵام ماونەتەوە.