تەکەتولێکی نوێ بە ١٣٠ پەرلەمانتارەوە؛ بوومەلەرزە سیاسییەکەی پەرلەمان لە ڕێگادایە
١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شاکر عەواد کەعبی شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند ئەو ناکۆکییانەی لەنێو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لەکاتی متمانەدان بە کابینەکەی زەیدی دروستبوو، رەنگە ببێتە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئۆپۆزسیۆن لەنێو پەرلەماندا.
کەعبی دەڵێت سەرهەڵدانی ناکۆکی لە کاتی دانیشتنی متمانەدان بە حکومەت بەهۆی پێشێلکردنی بەشێک لە رێککەوتن و نەریتە باوەکانی پەیوەست بەهاوپەیمانێتییەکان و دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان، پاڵی بەهەندێک لایەنی بەهێزەوە ناوە کەبەرەو پێکهێنانی کوتلەیەکی نوێ هەنگاو بنێن.
قورسایی پەرلەمان و کارتی فشار
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ڕوونیکردەوە ئەم تەکەتولە چاوەڕوانکراوە لەوانەیە لە سەرەتادا وەک فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا دەربکەوێت.
وتیشی: "ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی ئەم بەرەیە لە سێیەکی پەکخەر تێپەڕێت، ئەوا دەبێتە ئامرازێکی گوشاری یاسایی کە دەتوانێت دۆسیە گەورەکان سەرلەنوێ بورووژێنێتەوە، لەوانەش دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەت و کاریگەری دروستکردن لەسەر پۆستە دەستوورییە سەرەکییەکان."
کەعبی جەختیکردەوە کە ئەم هاوپەیمانێتییە "دەرئەنجامی قەیرانێکی سیاسییە کە گرێدراوە بە دابەشکردنی وەزارەت و پشکەکانەوە، بۆیە هاوپەیمانێتییەکە لە منداڵدانی ناکۆکییەکانەوە لەدایکبووە."
بەوتەی ناوبراو، سیمای ئەم بەرەیە دوای پشووی جەژن و گەڕانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارن لە فەریزەی حەجدا، ڕوونتر دەبێتەوە.
نەخشەی نوێ
سەبارەت بە قەبارەی ئەم تەکەتولە نوێیە، شاکر عەواد ئاشکرایکرد کە هاوپەیمانێتییە چاوەڕوانکراوەکە هێزێکی فراوانی پەرلەمانی لەخۆدەگرێت و لەوانەیە لە سەرەتادا بە زیاتر لە 130 پەرلەمانتار دەستپێبکات، لە قۆناغەکانی داهاتووشدا فراوانتر بێت بۆ زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان، ئەمەش هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان لەناو هۆڵی پەرلەماندا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێبینیی هەندێک لایەنی ناو ئەم تەکەتولە لەسەر کارنامەی حکومەت و لێهاتوویی هەندێک لە وەزیرەکان، بەڵام لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان لەوانەیە ببنە هۆی گۆڕانی هاوکێشەکان.
کەعبی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لەوەکرد کە ئەم هاوپەیمانێتییە لە کاتی دامەزراندنیدا، ڕەچاو و خوێندنەوەی بۆ گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەبێت، لەوانەش گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو و هاوسەنگیی هێز لە نێوان وڵاتە زلهێزەکاندا، کە بێگومان ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاراستە سیاسییەکان لە ناوخۆی عێراقدا دەبێت.