محەمەد باقر سەعدی؛ پیاوە تەمومژاوییەکەی کەتائیب چۆن کەوتە داوی ئەمریکاوە؟

١٦ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ

محەمەد باقر سەعدی؛ پیاوە تەمومژاوییەکەی کەتائیب چۆن کەوتە داوی ئەمریکاوە؟

پەنجەرە

دەستگیرکردنی محمد باقر سەعدی، یەکێک لە سەرکردەکانی "کەتائیبی حیزبوڵای عێراق" لەلایەن ئەمریکاوە، سەرنجی زیاتری خستە سەر ڕۆڵی ئەم گرووپە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوورەکان. زۆرێک لە چاودێران ئەم هەنگاوە وەک سەرەتای ڕێوشوێنی توندی ئەمریکا دەبینن دژی ئەو کەسایەتییانەی کە پەیوەندییان بە "سوپای قودس و ئەوەی پێی دەوترێت "بەرەی موقاوەمەوە" هەیە.

بەهۆی ئەو رێوشوێنە ئەمنییە توند و نهێنییانەی کەتائیب لە سەرەتای دامەزراندنییەوە (لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی کە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئەمریکیدا کوژرا) پەیڕەوی دەکات، زانیارییەکان لەسەر سەرکردەکانی ئەم گرووپە زۆر کەم و تەمومژاوین. ئەوان سەرەڕای هەژموونی قووڵیان و نزیکیی ڕادەبەدەریان لە سوپای پاسدارانەوە، هەمیشە لە دەرکەوتنی گشتی و میدیایی بەدوور بوون.

پەیوەندیی حیزبوڵا لەگەڵ "سوپای قودس"

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط» لە سەرچاوەکانی ناو گرووپە چەکدارەکانەوە دەستی کەوتووە، سەعدی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ "سوپای قودس" هەبووە.
هەروەها  نزیک بووە لە ئەندامێکی ئێرانیی ئەم دەزگایە کە لە ماوەی شەڕی 11 ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کوژرا (هەرچەندە هەندێک سەرچاوە دەڵێن سەعدی حەزی دەکرد شانازی بەم پەیوەندییانەوە بکات).
وردبوونەوە لە ئەرشیفی وێنەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" کە لە ساڵی 2014وە تێیدا چالاکە، نیشانی دەدات کە بەردەوام لەگەڵ سەرکردەکانی سوپای پاسداران دەرکەوتووە؛ تەنانەت لە ڤیدیۆیەکدا خەریکی گفتوگۆ و پێکەنینە لەگەڵ سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی.

جموجۆڵە هەرێمییەکان 

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەعدی دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2024، چەندین جار سەردانی لوبنانی کردووە، هەروەها لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدییشدا جموجۆڵی زۆری بەرەو سووریا هەبووە.

هەبوونی "پاسپۆرتی خزمەتگوزاری" (جواز خدمة) کە بەزۆری دەدرێتە کەسایەتییە سەربازییە گرنگەکان و بەرپرسانی فەرمی، ئاسانکاریی زۆری بۆ سەفەرەکانی کردووە؛ هەر ئەمەش هۆکاری گەشتەکەی بوو بۆ تورکیا کە لەوێ پلانی بۆ گەشتێک بەرەو وڵاتێکی ئەوروپی دادەنا، بەڵام لەوێ دەستگیرکرا.

سەعدی کە لە چەندین وێنەدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس دەرکەوتووە، هێندە سەرسامی ئەو بووە کە حەزی دەکرد نازناوی "سولەیمانی" بخاتە کۆتایی ناوەکەیەوە.

سەعدی چۆن دەستگیرکرا و تۆمەتەکانی چین؟

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، سەعدی لە تورکیا دەستگیرکراوە و ڕادەستی ئەمریکا کراوەتەوە. ئەو تۆمەتبارە بە:
* هەماهەنگیکردن و پلان داڕشتن بۆ لانی کەم 18 هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و جووەکان.
* هاندانی کەسانی دیکە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە شەڕی دژ بە تاران.
* پلاندانان بۆ دوو هێرشی دیکە لە کەنەدا و هەوڵی ڕێکخستنی هێرش لە ناوخۆی ئەمریکا، لەوانەش هێرشکردنە سەر کەنیسەیەکی جووەکان لە شاری نیویۆرک.

دوای دەستگیرکردنی، ڤیدیۆیەکی سەعدی بڵاوبووەوە کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە پەیامێک ئاراستەی دایکی دەکات و داوای ئارام گرتنی لێدەکات و دەڵێت: «ئێمە ناشکێین».

چالاکییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X"

سەعدی ساڵانێکە لە پلاتفۆرمی "X"دا چالاکە. ئەو بەردەوام ڕەخنەی توندی لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەگرت، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2024دا حکومەت بە تۆمەتی "تەشهیر" داوای یاسایی لەسەر تۆمارکرد.

لە تەممووزی 2020، وێنەیەکی تێکشکێنراوی باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکای بڵاوکردەوە لەگەڵ وێنەی قاسم سولەیمانی و نووسیبووی: «تۆڵەی ئێمە بۆ سەرکردە شەهیدەکان بەردەوامە.. هیچ دانوستانێک لەگەڵ داگیرکەردا نییە».

لە ساڵی 2023، وێنەیەکی نەخشەی دوورگەی "ئیندیان کریک"ی لە ویلایەتی فلۆریدا بڵاوکردەوە؛ کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی پارێزراوی دەوڵەمەندەکانە و کەسایەتیی وەک جارید کۆشنەر و هاوسەرەکەی ئیڤانکا ترەمپ (کچی دۆناڵد ترەمپ) لەوێ دەژین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامانجکردنی ئەو شوێنانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو