جەنگی ئێران و نەزمە نوێیەکەی وزە لە جیهاندا؛ وڵاتانی سودمەند و زیانلێکەوتوو کێن؟

٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢١ پاش نیوەڕۆ

جەنگی ئێران و نەزمە نوێیەکەی وزە لە جیهاندا؛ وڵاتانی سودمەند و زیانلێکەوتوو کێن؟

پەنجەرە

جەنگی دژ بە ئێران گەورەترین ئیفلیجبوونی لەبازاڕی نەوتدا  دروستکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی کەمکردنەوەی نزیکەی 15%ی پێداویستییە جیهانییەکانی نەوت لە بازاڕدا.

جەیسۆن بۆردۆف، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری سەنتەری سیاسەتی وزەی جیهانی و مامۆستای زانکۆی کۆڵۆمبیا، کە پێشتر بەڕێوەبەر بووە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما بووە، لە ڕاپۆرتێکی درێژدا بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەژێر ناونیشانی "براوە و دۆڕاوەکان لە نەزمە نوێیەکەی جیهانی نەوتدا" ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دابڕانە گەورەیە لە دابینکردنی نەوتدا، حکومەتەکانی ناچار کردووە چەمکی "ئاسایشی وزە" لە سەردەمی دابەشبوونی جیۆپۆلەتیکیدا سەرلەنوێ پێناسە بکەنەوە؛ چونکە ئێستا بابەتەکە تەنیا بڕی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت، کێ دەستی پێی دەگات و کێ توانای بەرگەگرتنی قەیرانی هەیە لە کاتی وەستانیدا.

بۆردۆف ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای جێگیربوونی ڕێژەیی نرخەکانی نەوت لە سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام ئەم جێگیرییە فشارە قووڵەکان دەشارێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخ بەهۆی کەمبوونەوەی عەمبارە ستراتیژییەکان.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر ئاستی جیهان وەک یەک نییە؛ ئاسیا قورسترین باج دەدات، چونکە پێش جەنگەکە بۆ دابینکردنی نزیکەی 60%ی هاوردەی نەوتی خۆی پشتی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستبوو. نرخەکانی سوتەمەنی پاڵاوتراویش وەک دیزڵ و سووتەمەنی فڕۆکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو هێندە بەرز بوونەتەوە.

کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بە شێوەی هەڵاوسان و سستبوونی گەشەی ئابووری دەردەکەوێت، بەڵام لە وڵاتە هەژارە هاوردەکارەکانی وزەدا، کێشەکە قورسترە و بووەتە هۆی قەیرانی ڕاستەوخۆ و کەمیی پێداویستی، بە جۆرێک هەندێک وڵات ناچار بوون ڕۆژانی خوێندن کەم بکەنەوە یان بەکارهێنانی کارەبا سنووردار بکەن.

ئەمریکا

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بەهۆی بازدانی بەرهەمهێنانی "نەوتی بەردینی" (Shale Oil) بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا و پێگەی خۆی لە هاوردەکارەوە بۆ هەناردەکارێکی سەرەکی گۆڕیوە، بەڵام بە تەواوی لە گرفتەکان پارێزراو نییە. 

هاووڵاتیانی ئەمریکی هێشتا لە بەنزینخانەکاندا پارەیەکی زیاتر دەدەن و هەر گرفتێکی جیهانی کاریگەریی دروست دەکات.
بۆردۆف پێیوایە لە کاتی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکاندا، لەوانەیە سیاسەتی ئەمریکا بەرەو ڕێکاری توند بچێت وەک سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوت، کە ئەمەش لە مەودای دووردا زیان بە ئابوورییەکەی دەگەیەنێت. 
چارەسەری داهاتووش لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوتدا دەبینێت لە ڕێگەی باشترکردنی کارایی سووتەمەنی و فراوانکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

کەنەدا و مەکسیک: دوو دۆخی پێچەوانە

* کەنەدا وەک وڵاتێکی هەناردەکار، سوودمەند دەبێت و لەو وڵاتانەیە کە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان قازانج دەکات.
* مەکسیک لە دۆخێکی قورستردایە بەهۆی پاشەکشەی بەرهەمهێنان و لاوازیی توانای پاڵاوتن، ئەمەش وایکردووە پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی بەتایبەت لە ئەمریکاو ببەستێت، بۆیە لەبەردەم مەترسیی گرفتی نرخەکاندایە.

چین

چین بە دوو ئاڕاستە لەژێر کاریگەریدا بووە؛ وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، بەرزبوونەوەی نرخەکان تێچووی لەسەر زیاد کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنی کۆگای ستراتیژیی زەبەلاحە، هاوردەکردنی کەمکردەوە و پشتی بە یەدەگەکانی بەست، ئەمەش کاریگەریی قەیرانەکەی کەمکردەوە. 
ئەم دۆخە هانی چین دەدات خێراتر بەرەو وزەی کارەبایی و کەرتە نا-سووتەمەنییەکان هەنگاو بنێت.

هیندستان

هیندستان پشت بە هاوردەکردنی 90%ی پێداویستییەکانی دەبەستێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەیکاتە بەشێک لە گرفتە گەورەکان. لەم ماوەیەدا پشتبەستنی بە نەوتی ڕووسیا زیادکردووە، بەڵام بەهۆی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوە و یەدەگەکانییەوە، توانایەکی باشتری بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی هەیە بۆ مژینی گرفتەکان.

ژاپۆن

ژاپۆن کە بە تەواوی پشتی بە هاوردەکردنی وزە بەستووە، یەکێکە لە زەرەرمەندە گەورەکان. ناچار بووە یەدەگی فریاگوزاریی خۆی بەکاربهێنێت کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەیەکی زۆری کۆگاكانی. ئەم کێشەیە پاڵ بە ژاپۆنەوە دەنێت بۆ سەرلەنوێ کارپێکردنەوەی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی و خێراکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە.

روسیا: دەستکەوتی کورتخایەن

روسیا لە مەودای کورتدا سوودی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان و سووکبوونی هەندێک سنووردارکردنی سەر هەناردەکردنی نەوتەکەی بینیوە، بەڵام لە مەودای دووردا بەهۆی سزاکان، نەبوونی وەبەرهێنان و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابوورییەکەی، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی گەورە دەبێتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی سنووردار دەکات.

وڵاتانی کەنداو و ئێران: گۆڕینی نەخشەی هەناردەکردن

* سعودیە و ئیمارات: بە ڕێژەیی سوودمەند بوون بەهۆی هەبوونی هێڵە بۆرییە جێگرەوەکان کە بەسەر گەرووی هورموزدا تێپەڕ نابن.

* عێراق، کوێت و قەتەر: ڕووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە لە هەناردەکردندا. ئەم قەیرانە وڵاتانی کەنداو ناچار دەکات خێراتر ڕێڕەوی نوێی هەناردەکردن بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە رێڕەوە دەریاییە هەستیارەکان.
* ئێران: سەرەڕای زیانە گەورە ئابوورییەکانی، بەڵام گەرووی هورموز وەک کارتێکی فشاری جیۆپۆلەتیکی بەکاردێنێت و ئەگەر ڕێڕەوەکە بکرێتەوە، هەناردەکردنی بە خێرایی بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەوروپا

ئەوروپا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە بەتایبەت سووتەمەنی فڕۆکە بووەتەوە. ئەم قەیرانە وڵاتان هان دەدات خێراتر بەرەو وزەی پاک بچن، بەڵام مەترسیی ئەوەش هەیە کە جۆرە پشتبەستنێکی نوێ بە تەکنەلۆژیای چین لە بواری وزەی نوێبووەوەدا دروست ببێت.

ئەفریقا: دابەشبوونی قازانج و زیان

وڵاتانی بەرهەمهێنەری وەک نێجیریا و ئەنگۆلا لە بەرزبوونەوەی نرخەکان سوودمەند دەبن، لە کاتێکدا وڵاتە هاوردەکارەکان دەناڵێنن بەدەست هەڵاوسانی نرخی سووتەمەنی، خۆراک و گواستنەوەوە.

دواتر

بۆردۆف لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی دابەشبوونی زیاتری نەزمی وزەی جیهانی؛ وڵاتە دەوڵەمەندەکان هەوڵی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانیان و بەهێزکردنی یەدەگەکانیان دەدەن، لە کاتێکدا وڵاتە هەژارەکان ناچار دەبن پەنا بۆ وزەی هەرزانتر ببەن لەبری وزەی کواڵێتی باش.
گەورەترین وانەش بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە تەنانەت گەورەترین بەرهەمهێنەری وزە لە جیهاندا، ناتوانێت خۆی لە گرفتەکانی بازاڕی جیهانی دابڕێت و بپارێزێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو