بەرپرسێک: باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هێڵە گشتییەکانی دانانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی دیاریکرد

٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣٢ پاش نیوەڕۆ

بەرپرسێک: باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هێڵە گشتییەکانی دانانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی دیاریکرد

پەنجەرە

سعود ساعدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "حقوق"، ئاشکرایکرد بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي) لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێدان. ئامانجی سەرەکی ئەم هاوپەیمانێتییە لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە، وەک یەکەم کاردانەوە بەرامبەر بەو ڕێککەوتن و ململانێیە شاراوانەی لە پشت پەردەی دانیشتنی کۆتایی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر وەزیرەکان بەڕێوەچوو.

ساعدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ڕەخنەی توندی لە دۆخی سیاسی گرت و ڕایگەیاند کە وڵات لە پشک پشکێنەی سیاسی و تایەفییەوە گواستراوەتەوە بۆ "بەش بەشێنەی ئابووری، شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش لە عەقڵیەتی سیاسییەوە گۆڕاوە بۆ عەقڵییەتی بازرگانی.

ساعدی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە ئێستادا پێویستی بە پیاوی دەوڵەت هەیە کە خاوەنی دیدگایەکی نیشتمانی بێت بۆ بونیاتنانی وڵات، نەک کەسێک کە وەک "بەڕێوەبەری کۆمپانیا" ڕەفتار بکات. 

وتیشی: "سەرۆکوەزیرانی ئێستا هیچ پاشخانێکی سیاسی یان پەرلەمانی نییە و خاوەنی هیچ پێگەیەکی جەماوەری و پشتیوانییەکی پەرلەمانی نییە، بەڵکو لەلایەن ئیرادە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییە دارایی و ئابوورییەکانەوە دروستکراوە."

ئەوەی خستەڕوو کە بڕیارێک لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسییەوە دراوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێ، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بەو ڕووداوانەی لە دانیشتنی ڕابردووی پەرلەماندا لە کاتی دەنگدان لەسەر وەزیرەکان ڕوویاندا. یەکەم هەنگاوی ئەم هاوپەیمانێتییەش کارکردن دەبێت بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی.

ساعدی پەردەی لەسەر ڕۆڵی دەرەکی لادا و جەختی کردەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و لە ڕێگەی ناردنی نامەی فشار و هەڕەشەوە دەستوەردان دەکات. 

ڕاشیگەیاند کە خۆی ڕاستەوخۆ لە زاری چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بیستوویەتی کە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا میوانداریی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کردووە و هێڵە گشتییەکانی بۆ دیاریکردوون کە کێ دەتوانێت و کێ بۆی نییە ببێتە سەرۆک وەزیران یان وەزیر.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو