ستراتیژی ترەمپ بەرامبەر ئێران؛ لە نێوان فشاری دیپلۆماسی و بژاردەی سەربازیدا
٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەک لەژێر فشاری توندی شەقامی ئەمریکیدایە، و لەلایەکی تریشەوە چاوی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم (مانگی ١١)ی کۆنگرێس، بەشێک لە ئەنجومەنی پیران و پارێزگاری ویلایەتەکانە.
خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا کۆنگرێس لەژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە و پڕۆژەکانی ترەمپ هیچ بەربەستێکیان لەپێش نییە، بەڵام وتی:”گەر کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێن، ئەجێندای ساڵانی داهاتووی ترەمپ پەککەوتە دەبێت و ناتوانێت بەرنامەکانی جێبەجێ بکات؛ بۆیە ئەو لە ئێستاوە پێویستی بە سەرکەوتنێکی گەورە هەیە."
دۆسیەی ئێران؛ چەکی دیپلۆماسی یان بژاردەی سەربازیی؟
سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی ڕوونیکردەوە کە باشترین سەرکەوتنی دەرەکی بۆ ترەمپ، دۆسیەی ئێرانە. ئەگەر ترەمپ بتوانێت لە ڕێگەی فشارەکانی سۆشیال میدیا، چەکی دیپلۆماسی و نێوەندگیریی وڵاتانی وەک پاکستانەوە، تاران ناچاری ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بکات، بەتایبەت لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات، دەتوانێت ئەمە وەک سەرکەوتنێکی گەورە لە ناوخۆی ئەمریکادا بەکاربهێنێتەوە.
خۆشناو وتیشی: ترەمپ لە فشارە ڕاگەیاندنی و دیپلۆماسییەکانی بەردەوامە. بەڵام ئەگەر ئەمە ئەنجامی نەبێت، بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن پەنا بۆ هێز دەبات؛ ئەو کاتەش تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت و ژێرخانی ئابووریی و کەرتی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ ئێران و ناوچەکە دەبێت."
ئامانجی ترەمپ: ملکەچکردنی تاران نەک ڕووخاندنی ڕژێم
سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە ناوچەییەکان، کاروخ خۆشناو ئاشکرایکرد کە ئیسرائیل چاوەڕوانی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ترەمپ گۆڕینی ڕژێم نییە، بەڵکو دەیەوێت تاران ملکەچ بکات تا دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی و هێزە بریکارەکانی (پڕۆکسی) لە ناوچەکەدا بێت.
ئەو دەڵێت: ئەگەر ئێران ڕازی بێت لە ڕێگەی پاکستانەوە گەرەنتی بدات و ڕێککەوتن واژۆ بکات، ترەمپ ئەو سەرکەوتنە لە ناوخۆدا دەفرۆشێتەوە.
وتیشی: ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت، لە ئێستادا نرخی وزە بەرزە و گەرووی هورمز داخراوە، ئامانجەکانی ئەمریکاش بە تەواوی نەهاتوونەتە دی، بۆیە ترەمپ هێشتا هەڕەشە دەکات و هیوایەکی بە دانوستان ماوە.
ستراتیژی ئێران؛ مانەوە لەژێر ناوی خۆڕاگریدا
لە کۆتاییدا، کاروخ خۆشناو ئاماژەی بە لێهاتوویی تاران لە بواری دیپلۆماسیدا کرد و وتی: ئێران لە بواری دانوستاندا خاوەن ئەزموونێکی زۆرە و بە ئاسانی تەسلیم نابێت. دەیەوێت بە شێوازێک بجوڵێتەوە کە شەقامی شیعە لە ناوخۆ و ناوچەکەدا وەک هێزێکی خۆڕاگر تەماشای بکەن."
باسی لەوەشکرد، هەرچەندە ئێران گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی کوژراون، بەڵام لە ڕوانگەی تارانەوە، پاراستن و مانەوەی خودی ڕژێمەکە خۆی لە خۆیدا بە سەرکەوتن دادەنرێت.