پەنجەرە ناوەڕۆکی پرۆژەیەکی یەکێتی ئاشکرا دەکات؛ "دوو ئیدارە لەژێر یەک چەتردا"

٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە ناوەڕۆکی پرۆژەیەکی یەکێتی ئاشکرا دەکات؛ "دوو ئیدارە لەژێر یەک چەتردا"

پەنجەرە

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ناوەکەی لای پەنجەرەیە، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ “چاکسازیی” ئیداری پێشکەشی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی کردووە. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "پەنجەرە" کەوتوون، پرۆژەکە پێشنیازی مۆدێلێکی نوێ دەکات کە تێیدا سیستمی دوو ئیدارەیی لەژێر چەتری یەک هەرێمدا ڕێکدەخاتەوە.

گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی 

لە پرۆژەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا، هەم پارتی و هەم یەکێتی لە بەڕێوەبردندا سەرکەوتووتر بوون. پرۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە نابێتە هۆی پارچەپارچەبوونی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دابەشکارییەکی نوێی دەسەڵاتە لە چوارچێوەی یەک قەوارەدا.

مۆدێلی سۆڤیەت

پرۆژەکە پێشنیازی ئەوە دەکات کە هەولێر وەک پایتەختی فەرمیی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا ببێتە پایتەختی "ناوچەی زەرد"یش بۆ خۆبەڕێوەبەریی، وەکچۆن سلێمانیش پایتەختی سەوز بێت. 

نووسەری پرۆژەکە ئەم مۆدێلە بە هاوشێوەی پێگەی مۆسکۆ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دەشوبهێنێت، کە مۆسکۆ لە ئاستی ناوخۆیدا پایتەختی ڕووسیا بوو، لە ئاستی گشتیشدا پایتەختی یەکێتیی سۆڤیەت بوو.

ناوچەی فیدراڵی و دابەشبوونی ئیداریی

بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، دوو زۆنی ئیداری لە سلێمانی و هەولێر دروست دەکرێن کە خاوەنی خۆبەڕێوەبەریی ئیداری دەبن:
* ناوچەی فیدراڵی (هەولێر): ناوەندێکی فیدراڵی لە هەولێر دروست دەکرێت کە تەنیا ئەو بەرپرس دەبێت لە مامەڵەکردن و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
* حکومەتی هەرێم وەک چەتر: ناوی "حکومەتی هەرێمی کوردستان" وەک چەتری سەرەکی و کۆکەرەوە دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا ئیدارەکەی تری ناوچەی سەوز و زەرد تریان لێ دەنرێت و کاروباری ناوچەکانیان رایی دەکەن.

گونجان لەگەڵ دەستووری عێراق

لە پڕۆژەکەدا هاتووە کە ئەم پێشنیازە بە وردی دیراسە کراوە و تەواو لەگەڵ دەستووری عێراقدا دەگونجێت؛ چونکە سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لەسەر ئاستی باڵا، تەنیا حکومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات، نەک حکومەتی ئیدارەی سلێمانی یان هەولێر، مەگەر تەنیا لەسەر ئاستی خوارەوە و ڕێکارە کارگێڕییەکان بێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو