ململانێی نەوەکان و فشاری دەرەکی؛ چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت؟
٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێشە و ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعی و لایەنەکانی پێکهێنەری "چوارچێوەی هەماهەنگی" قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنیان بەخۆوە بینیوە؛ سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ئاشکرایکرد کە هاوپەیمانێتییەکە ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵی سەرکردایەتی و ململانێی ناوخۆیی بووەتەوە، بە شێوەیەک ئەگەری کۆبوونەوەی دووبارەی سەرکردەکان لەسەر یەک مێز قورس بووە.
مالیکی؛ پێگەی پێشوو یان ململانێی ڕابەرایەتی؟
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، هەوڵیداوە وەک "کەسی بەهێز" ڕابەرایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بگرێتە دەست، بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبووە.
سەرچاوەکە وتی: مالیکی وەک هێزێکی سیاسی ماوە، بەڵام وەک جاران بەهێز نییە و ڕکابەری جدیی بۆ پەیدا بووە؛ لە ئێستاشدا بەشێک لە سەرکردە شیعییەکان گلەیی و ڕەخنەی زۆریان لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات هەیە.
سەرچاوەکەی پەنجەرە ئاماژەی بەوەشکرد کە هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بنەڕەتدا پێکهاتەیەکی بەهێز نەبوو، بەڵکو تەنها لەسەر بنەمای "شیعەگەری" دامەزرا، بەڵام بە بەراورد بە هاوپەیمانیی نێوان لایەنە کوردی و سوننییەکان، توانیویەتی ماوەیەکی درێژتر خۆی ڕاگرێت.
سەبارەت بە درزە ناوخۆییەکانی ئێستاش، سەرچاوەکە وتی: ئێستا کێشەیەکی قووڵ لە نێوان سەرکردە گەنجەکان و سەرکردە دێرینەکانی ناو چوارچێوەکە دروستبووە، ئەمەش وایکردووە بەردەوامیی پێکەوەکارکردنیان قورس بێت.
فشاری ئەمریکا و پرسی سەرۆکوەزیران
پەیوەست بە پرسی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سەرۆکوەزیران، سەرچاوەکە پەردەی لەسەر بوونی فشارە دەرەکییەکان لادا و ڕایگەیاند: فشارێکی دەرەکیی زۆر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەبوو. لایەنە شیعییەکان بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە نەیانتوانی لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران بگەنە ڕێککەوتن، تا دواجار بەهۆی ئەو فشارە دەرەکییانەوە لەسەر کاندیدکردنی (زەیدی) ڕێککەوتن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە، سەرچاوە نزیکەکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریدا لەوەی کە ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان لایەنە شیعییەکان، بەتایبەتی قووڵبوونەوەی ململانێی نێوان مالیکی و سودانی، ڕەنگە دۆخەکە بەرەو بنبەست ببات و گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەستەم بکات.