زیانەکانی شەڕی ئێران؛ ٢٥ ملیار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکانی جیهان دەگات
٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شیکارییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەریدەخات کە شەڕی ئێران تا ئێستا لانی کەم ٢٥ ملیار دۆلار زیانی بە کۆمپانیا جیهانییەکان گەیاندووە و قەبارەی زیانەکان بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
کۆمپانیاکان بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی وزە، پەککەوتنی دابینکردن و داخرانی ڕێڕەوە بازرگانییەکانەوە گیرۆدەن، ئەمەش وەک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەلەلایەن ئێرانەوە.
لانی کەم ٢٧٩ کۆمپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە ئەم شەڕە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانیان؛ لەوانەش بەرزکردنەوەی نرخ و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان. هەروەها بەشێک لە کۆمپانیاکان دابەشکردنی قازانجی کاش یان کڕینەوەی پشکەکانیان ڕاگرتووە، هەندێکی تریان کارمەندەکانیان کەمکردووەتەوە، تێچووی زیادەیان خستووەتە سەر سووتەمەنی، یان داوای هاوکاریی بەپەلەیان لە حکومەتەکانیان کردووە.
ئەم ئاڵۆزییانە کە نوێترین زنجیرەی قەیرانە جیهانییەکانە لە دوای پەتای کۆرۆنا و هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
مارک بیتزەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "وێڕڵپوڵ"ی ئەمریکی بۆ ئامێری ناوماڵ، ڕایگەیاند: ئاستی پاشەکشەی کەرتی پیشەسازی هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانیدا بینیمان، تەنانەت لە قۆناغەکانی تری سستبوونی ئابووریش دژوارترە.
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێتە هۆی زیاترکردنی هەڵاوسان، کە ئەمەش زیان بە متمانەی بەکاربەران دەگەیەنێت.
گەرووی هورمز و سوتەمەنی؛ کێشە سەرەکییەکە
داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، نرخی نەوتی بۆ سەرووی ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردووەتەوە، کە ئەمەش بە ڕێژەی ٥٠% زیاترە لە پێش دەستپێکردنی شەڕ.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان زیانی گەورەتریان بەرکەوتووە، چونکە ئاسیا پێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئەو ناوچەیەیە کە بەهۆی شەڕەوە پەکیکەوتووە.
ئەوروپاش بەهەمان شێوە پشت بە نەوتی ناوچەکە دەبەستێت و ئابوورییەکەی بەدەست ناجێگیریی نرخە جیهانییەکانەوە دەناڵێنێت.
سیندی بۆلیۆ، بەرپرسی باڵا لە کۆمپانیای "کۆنینگ" بۆ بەڕێوەبردنی دارایی، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "لە ئێستادا پێشبینیکردنی داهاتووی بازاڕەکان یان ئاراستەی ئابووری کارێکی یەکجار قورسە."
ئەم داخرانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، کەمبوونەوەی کەرەستەی خاو و بڕانی ڕێڕەوە بازرگانییە گرنگەکان. بەتایبەتی کەرەستەکانی وەک کود، هیلیۆم، ئەلەمنیۆم و پۆلی ئیتیلین تووشی کەمیی دابینکردن بوون.
زیانەکان
نزیکەی ٢٠٪ی ئەو کۆمپانیایانەی کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە (کە هەموو جۆرە بەرهەمێک لە جوانکارییەوە تا تایەی ئۆتۆمبێل، پاک کەرەوەکان و کەرتی گەشتوگوزار و فڕۆکەوانی دەگرێتەوە) ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیانی دارایی گەورەیان بەرکەوتووە.
زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە بنکەکانیان لە بەریتانیا و ئەوروپایە، کە پێشتریش تێچووی وزە تێیاندا بەرز بوو، هەروەها سێیەکی کۆمپانیاکانیش لە ئاسیان، ئەمەش پشتبەستنی زۆری ئەو ناوچانە بە نەوت و سووتەمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات.
* کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی هۆشداریداوە لە ئەگەری زیانی ٤.٣ ملیار دۆلار.
* کۆمپانیای پرۆکتەر ئەند گامبڵ (P&G): زیانی دوای باجی بە ١ ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
کریس کیمپچینسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ماکدۆناڵدز دەڵێت: بەرزبوونەوەی خێرای نرخی سووتەمەنی زیانی بە هێزی کڕینی بەکاربەرانی کەمداهات گەیاندووە. لە ئێستادا گەورەترین کێشە کە دەیبینین، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە.
کەرتی فڕۆکەوانی و کەرەستەی خاو
پێداچوونەوە بە نرخەکان بووەتە تاکە ڕێگەی کۆمپانیاکان؛ نزیکەی ٤٠ کۆمپانیا لە کەرتەکانی پیشەسازی، کیمیاوی و کەرەستە خاوەکان ڕایانگەیاندووە کە نرخەکانیان بەرز دەکەنەوە بەهۆی پشتبەستنیان بە بەرهەمە پێترۆکیمیاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* مارک ئیرسیج بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای نیوێڵ براندڕایگەیاند :کە هەر زیادبوونی ٥ دۆلار لە نرخی بەرمیلێک نەوت، نزیکەی ٥ ملیۆن دۆلار تێچووی زیادە دەخاتە سەر کۆمپانیاکەیان.
* کۆمپانیای کۆنتینێنتالی ئەڵمانی بۆ دروستکردنی تایە، پێشبینی دەکات تا چارەکی دووەم لانی کەم ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ (١١٧ ملیۆن دۆلار) زیان بکات بەهۆی گرانبوونی کەرەستەی خاو. رۆڵاند ویڵزباخەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت کاریگەریی تەواوی ئەم دۆخە لە کۆتاییەکانی چارەکی دووەم دەردەکەوێت و لە نیوەی دووەمی ساڵدا دەگاتە لووتکە.
کەرتی فڕۆکەوانی؛ گەورەترین زیانمەند
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەورەترین پشکی زیانەکانیان بەرکەوتووە کە بە ١٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش دوای ئەوەی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
ستیفانۆ بارۆنسی، بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەکان (ACI)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "بلۆمبێرگ" ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخەکان خواست لەسەر گەشتەکان کەم دەکاتەوە و پێویستە سەرنشینان خۆیان بۆ هێشتنەوەی نرخی بەرزی بلیتی فڕۆکە ئامادە بکەن، چونکە "نرخ بووەتە مایەی نیگەرانیی ڕاستەقینەی فڕۆکەخانەکان."