سێ ماڵە لێکترازاوەکەی هەرێم و بەغدا؛ هاوپەیمانێتییەکان لەبەردەم مەترسیی داڕووخاندا

٢١ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ

سێ ماڵە لێکترازاوەکەی هەرێم و بەغدا؛ هاوپەیمانێتییەکان لەبەردەم مەترسیی داڕووخاندا

پەنجەرە

نەخشەی سیاسیی عێراق لە قۆناغی دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، بەدەست لێکترازان و ململانێی ناوخۆیی توندی پێکهاتە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنێت. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر سێ تەوەرە و جەمسەری سەرەکی؛ یەکەم: لاوازبوونی متمانە و مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەکان بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی و ململانێی باڵەکان. دووەم: قەیرانی شەرعییەت لەناو "ئەنجومەنی سیاسیی سوننە" و تۆمەتبارکردنی حزبی تەقەدوم بە تاکڕەوی. سێیەم: قووڵبوونی درزی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتی کە "هاوپەیمانیی کوردستانی" لە بەغدا پەکخستووە و هەرێمی بەرەو سیناریۆی دوو ئیدارەیی بردووە.

مەترسی لەسەر داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی 

هاوپەیمانێتی لایەنە شیعەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی) بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی، لاوازبوونی متمانە و ململانێی نێوان نەوەی کۆن و نوێ، ڕووبەڕووی مەترسیی هەڵوەشاندنەوە بووەتەوە.

بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەکە، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر ململانێ و ڕێککەوتنە شاراوەکانی کاتی دەنگدان لەسەر وەزیرەکان، لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێدان کە یەکەم ئامانجی لادانی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت.

سعود ساعدی پەرلەمانتاری حقوق، ڕەخنەی توند لە گۆڕانی سیستمی دەوڵەت دەگرێت لە "پشک پشکێنەی سیاسییەوە بۆ بەش بەشێنەی ئابووریی و عەقڵییەتی بازرگانی".

هاوکات فەرید ئەسەسەرد چاودێری سیاسی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کێشەکانی خۆی و گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ڕۆڵی لە عێراقدا کەمبووەتەوە و هۆکاری کەمبوونەوەی فشارەکانی سەر لایەنە شیعەکانیش بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕێگەی نامەو فشارەوە بەتایبەت لە پرسی کۆنترۆڵکردنی دۆلار و دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی کاندیدانی پۆستە باڵاکان دەستوەردان دەکات؛ بە جۆرێک دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بە سەپێندراوی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت.

سەرباری قەیرانە سیاسییەکان، حکومەتی عێراق پێکهێنرا، بەڵام ئایندەی ئەو ئەنجومەنە نادیارە کە بەمەتبەخی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و کاندیدانی حکومەت دادەنرێت.

ئەنجومەنی سیاسی سونە

پێکهاتەی سوننە لە عێراق، سەرەڕای مێژووە درێژەکەی لەگەڵ ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان، توانی «ئەنجومەنی سیاسیی سوننە» وەک چەترێکی کاتی بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان پێکبهێنێت.

بەڵام لە ئێستادا و دوای پێکهێنانی کابینەکەی زەیدی و متمانەنەدان بە کاندیدانی هاوپەیمانیی عەزم، ئەنجومەنەکە بەهۆی دروستبوونی گومان لەسەر حەلبوسی، لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەی هەڵوەشاندنەوەدایە.

محەمەد دەحام، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم، ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی سیاسیی سونە بە پێکهاتە و پەیکەرئ ئێستایەوە، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی پێکهاتەی سونە ناکات. بەڵکو بووەتە چەترێک بۆ تێپەڕاندنی ویستی چەند کەسایەتییەکی بنەماڵەیی و حزبی دیاریکراو کە شایستەکانی لایەنەکانی دیکە پێشێل دەکەن.

دەحام ئاماژەی بەوە کرد هاوپەیمانی عەزم بڕیاریداوە ئامادەبوونی خۆی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سوننەدا بسڕێت هەڵپەسێرێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن لایەنێکی سیاسیی باڵادەستی ناو ئەنجومەنەکەوە بە شێوازێکی سیستماتیک و ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج.

ناوبراو بە ڕوونی حزبی "تەقەدوم"ی بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت جوڵەکانەوەیە و ڕێگرە لەوەی هاوپەیمانی عەزم بگات بە شایستە سیاسییەکانی خۆی.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی عەزم هۆشداریدا کە ئەم تاکڕەوی و هەوڵانە بۆ پەراوێزخستنی لایەنەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە هۆی داڕووخانی ئەنجومەنەکە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر هاوپەیمانی عەزم بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ کشانەوە بدات، ئەوا ئەنجومەنەکە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێتە ڕابردوو.

لێکترازانی نێوان ماڵی کوردی؛ لە هاوپەیمانییەکی بەهێزەوە بۆ لێکترازان لە بەغدا

هاوپەیمانی کوردستانی کە دوای رووخانی ڕژێمی بەعس رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە یەکدەنگی و کۆکردنەوەی لایەنە کوردییەکان بەتایبەت لەکاتی نوسینەوەئ دەستوردا، ماوەیەکی درێژە بەهۆی قووڵبوونی درزی نێوان حزبەکانەوە هەڵوەشاوەتەوە. ئەم لێکترازانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی کورد لە ناوەند دروستکردووە.

قووڵبوونی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان وایکردووە لە چەند ساڵی رابردوودا، ستراتیژیەتی یەکدەنگی لە بەغدا ئیفلیج ببێت. بۆیە لە ئێستادا هەر لایەنەو بە جیا و بەپێی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەنگاو لە بەغدا دەنێت.

هەروەها دانوستانەکان بۆ وەرگرتنی پشک و شایستەکانی گەلی کورد بە پەرتەوازیی بەڕێوەدەچن. هەروەها دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتی، دابڕانی نێوان یەکێتی و پارتی قووڵتر بووەوە، بە جۆرێک خول لە دوای خولی پەرلەمان، کێبڕکێ و کێشمەکێشی توندیان لەسەر پشکەکانی کورد لە بەغدا کردووە.

ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تەنها لە بەغدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو لەهەرێم دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ئێستادا باس لە سیناریۆی "دوو ئیدارەیی لەژێر چەتری یەک هەرێمدا" دەکرێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی و فەرمی بۆ ئەم مەبەستە نەنراوە.

لە ڕابردوودا چەندین جار هەوڵ درا بۆ زیندووکردنەوە و دروستکردنەوەی ئەنجومەنی هاوپەیمانی حزبەکان، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان تووشی شکست بوون.
لە ئێستادا ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەرقاڵی دەستپێشخەری و نێوەنگیرییە لەنێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام هێشتا ئاسۆیی ئەم هەوڵانە روون نییە و دیار نییە بە چ ئاقارێکدا دەڕوات.

پێچەوانەی شەقامی شیعە و سوننە لە عێراق کە هەمیشە فشار لە سەرکردەکانیان دەکەن بۆ یەکڕیزی، لە هەرێمی کوردستان هاوکێشەکە پێچەوانەیە، دۆخێکی سیاسیی وا خوڵقێنراوە کە جەماوەری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە توندی دژی هەر هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتنێکن لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکان.

رای گشتیی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا، لەپاڵ ناکۆکییە مێژوویی و سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وەک لەمپەرێکی گەورە و نوێ لەبەردەم دروستکردنەوەی هاوپەیمانی کوردستانی سەیر دەکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو