پەرلەمان لە بەردەم باهۆزی هەڵوەشاندنەوەدا؛ کێ دەدۆڕێت و کێ دەبێتە براوە؟

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٥ پاش نیوەڕۆ

پەرلەمان لە بەردەم باهۆزی هەڵوەشاندنەوەدا؛ کێ دەدۆڕێت و کێ دەبێتە براوە؟

پەنجەرە

کەڵەکەبوونی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەقەبەستوویی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، پێشهاتی نوێی هێناوەتە ئاراوە. پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی بە سەر دوو بەرەی سەرەکی و هێزی ڕاڕا لە نێوەندەکەدا دابەشکردووە.

پارتی

بۆ پارتی، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا هیچ گرفتێکی جدی دروست ناکات، چونکە جومگەکانی حکومەتی لەژێر دەستدایە و کارەکانی پەکیان نەکەوتووە؛ لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکات. سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش، ئەگەر یەکێتی پێداگری لەسەر مەرجەکانی بکات و پرۆسەکە بەپێی خواستی پارتی جێگیر نەکرێت، پارتی لاری لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن نییە.

لەم چوارچێوەیەدا، هێمن هەورامی وەک نوێنەری مەسعود بارزانی لە سەردانەکانیدا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، هەرچەندە جەختی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووەتەوە، بەڵام هاوکات دژایەتی حیزبەکەشی بۆ بژاردەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەرنەبڕیوە. 
گەورەترین کێشەی پارتی لەم سیناریۆیەدا ئەوەیە، ژمارەی کورسییەکانی گەر چەند کورسییەک کەم یان زیاد بکات،  نەخشەی سیاسی هەرێم گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا نایەت و هەمان کێشەکانی ئێستا لە دوای هەڵبژاردنیش سەرهەڵدەدەنەوە.

یەکێتی

خواستە سەرەکییەکەی یەکێتی، پێکهێنانی حکومەت و بەدەستهێنانی ئەو پشکانەیە کە خۆی دەیەوێت، بەڵام پارتی ملی بۆ ئەمە نەداوە. 
لە ئێستادا یەکێتی بەهۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ نەوەی نوێ، بە قورسایی (٣٨ کورسی) مامەڵە لەگەڵ پارتیدا دەکات، ئەمەش وایکردووە بەهۆی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار و خۆڕاگرتنی بەرامبەر خواستەکانی پارتی، خۆی بە براوە بزانێت بەڵام پێناچێت بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دڵخۆش بێت.

بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە، ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ڕەنگە لە بەرژەوەندی کورتخایەنی یەکێتیدا نەبێت، چونکە نەخشەی داهاتوو ناڕوونە و ئەگەری کەمە جارێکی تر دەرفەتی هاوشێوەی ئێستای (مامەڵەکردن بە ٣٨ کورسییەوە) بۆ بڕەخسێتەوە. جیاواز لە پارتی، یەکێتی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەت نیگەرانە و پێدەچێت بۆ ڕاگرتنیان پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵیی عێراق.

بەرەی پشتگیران؛ هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری

هەریەک لە ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری بە توندی پشتگیری لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام بە دوو پاڵنەری جیاواز:

 کۆمەڵی دادگەری: لە ژمارەی کورسییەکانی ئێستای ڕازی نییە. حیزبەکە لەم ماوەیەدا ڕاپرسییەکی ناوخۆیی ئەنجامداوە بۆ دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەک وێستگەیەکی خۆتاقیکردنەوە پێگەی خۆی بەهێزتر بکاتەوە.
 
ڕەوتی هەڵوێست: بەهۆی ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی لەژێر کۆنترۆڵیدا نەماون، دوو ئامانجی لە هەڵبژاردنەوە هەیە؛ یەکەم، ڕەوانەکردنی ستافێکی نوێ  بۆ پەرلەمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکەمی هەڵبژاردنی ڕابردوو. دووەم، زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی لە ڕێگەی ڕاکێشانی ئەو دەنگدەرانەی پێشتر دەنگیان بە نەوەی نوێ دابوو.

نەیار و ڕاڕاکان؛ نەوەی نوێ و یەکگرتوو

 نەوەی نوێ: دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنە، هەرچەندە ئەم خواستەی بە ئاشکرا دەرنابڕێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەو ترسە دەگەڕێتەوە کە نەتوانێت ئەو ١٥ کورسییەی ئێستای لە پەرلەمان هەیەتی، دووبارە بەدەستیان بهێنێتەوە.
 یەکگرتووی ئیسلامی: لە نێوان هەردوو بەرەی هاوسەنگەکەدا وەستاوە (نە پشتگیری تەواو و نە دژایەتی تەواو). تێڕوانینی یەکگرتوو وایە کە دووبارەکردنەوەی پرۆسەکە گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە ئەنجامەکان و دۆخی گشتیدا دروست ناکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو