ماڵئاوایی لە "بەرزکردنەوەی دەست"؛ دەنگدانی ئەلیکترۆنی چۆن هاوکێشەی پەرلەمانی عێراق دەگۆڕێت؟
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەنگاوێکی ستراتیژییە بەئاراستەی دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ پەرلەمانتاران بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان، لەدەرەوەی فشارە حزبییەکان.
ئەم هەنگاوە کۆتایی بەو گومان و مشتومڕانە دەهێنێت کە هەمیشە لەکاتی پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستیی دەنگەکان و لە کاتی پەسەندکردنی یاسا چارەنووسسازەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە.
ئپەرلەمانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی سیستمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، قۆناغێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت؛ پرۆسەیەک کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی شەفافیەت، لێپرسینەوە لە پەرلەمانتاران و نەهێشتنی ئەو گومانانەیە کە پێشتر لەسەر شێوازی ژماردنی دەستیی دەنگەکان هەبوون.
یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاران بەنیازن سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە ناچار بکەن بە گۆڕینی سیستمی دەنگدان بۆ ئەلیکترۆنی ، هاوشێوەی دامەزراوە یاسادانەرە پێشکەوتووەکانی جیهان.
یاسر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (المعلومة) ڕایگەیاند: پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا نوێیەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی هەموو جۆرە گومان و شوبهەیەک کە لە کاتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بە بەرزکردنەوەی دەست دروست دەبن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە: "میکانیزمە دەستییەکەی ئێستا وای لە زۆرێک لە قەوارە سیاسییەکان کردووە پەنا ببەنە بەر دادگای دەستووریی و تانە لە ئەنجامەکان بدەن، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێتە هۆی پەککەوتن و دواکەوتنی هەموارکردن و دەرکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە."
هاوکات حسێن عەلی مەردان، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کرد کە پرۆسەی دەنگدان لە دانیشتنی داهاتوودا تەنها و تەنها بە شێوازی ئەلیکترۆنی بێت. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە تاکە ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە گومانەکان و دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بڕیارەکانی داهاتوودا.
مەردان ڕاگەیاند: پەیڕەکردنی میکانیزمی ئەلیکترۆنی لە دەنگداندا، تۆمەت و گومانەکان لەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان لادەبات و بەهای ڕاستەقینە بە دەنگی پەرلەمانتار دەبەخشێت، بەو پێیەی ناو و کارتی دەنگدانی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەبەردەم ڕای گشتی و گەلی عێراقدا دەردەکەوێت."
زانیاریشی خستە سەر ئەوەی کە "ئاشکراکردنی ناوەکان، پەرلەمانتار دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لەلایەن دەنگدەرانیەوە سەبارەت بەو هەڵبژاردن و هەڵوێستانەی بەرامبەر بە یاساکان یان ئەو کەسایەتییانە هەیەتی کە بۆ پۆستەکان بەربژێر کراون."
لە کۆتاییدا، مەردان هۆشداریدا و جەختیکردەوە: "هەر میکانیزمێکی دەنگدان کە ئەلیکترۆنی نەبێت، بە تەواویی و بە شێوەیەکی ڕەها ڕەتکراوە دەبێت، چونکە دەرگا دەکاتەوە بۆ گۆڕینەوەی تۆمەتی ناپاکیی و گومان دروستکردن لە نێوان هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی گەلدا."