جەنگی کێبڵەکان؛ تاران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەباتە قووڵایی دەریا

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

جەنگی کێبڵەکان؛ تاران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەباتە قووڵایی دەریا

پەنجەرە

ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی پرۆژەیەکی هەیە بۆ سەپاندنی باج و رسومات بەسەر ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێتیان بە ناو گەروی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.

ئێران پێشتر سیستمی باجی بەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەدا سەپاند کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، ئێستا ئاژانسی فارس ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی تاران چاویان بڕیوەتە ئەو "گەنجینەیەی" لە قووڵایی گەرووی هورمزدایە.

کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێت سەدان ملیۆن دۆلار بدەن

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی وەک (گۆگڵ، مێتا، و مایکرۆسۆفت) ڕەنگە ناچار بکرێن سەدان ملیۆن دۆلار وەک "باجی تێپەڕبوون" بدەن، تەنیا لەپێناو پاراستنی مافی گواستنەوەی داتاکانیان لە ڕێگەی ئەم ژێرخانە هەستیارەوە.

ئێران دەیەوێت خۆی ببێتە تاقە لایەنی ڕێگەپێدراو بۆ چاککردنەوە و سەرپەرشتیکردنی ئەم کێبڵانە. هاوکات کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی وەک "گڵف بڕیج ئینتەرناشناڵ"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆگڵی ئەمریکی و "ئۆرنج"ی فەرەنسی، ناچار دەبن "ڕەزامەندیی حکومەتی ئێران" بەدەست بهێنن بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان.

کریستیان بوگەر، پسپۆڕی ئاسایشی دەریایی لە زانکۆی کۆپنهاگن لەمبارەیەوە دەڵێت: مێژوویەکە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئێران لە بواری دەریاییدا دەست بە سەرکێشی و ئیستفزاز بکات، دواجاریش ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕوویدا."

کێبڵەکان و یاسای نێودەوڵەتی؛ ململانێ لەسەر سنوورە ئاوییەکان

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، ئەم هەڕەشەیەی ئێران لانیکەم حەوت کێبڵی سەرەکیی دەریایی دەگرێتەوە. ئێران دەڵێت مافی خۆیەتی باج بسەپێنێت، چونکە بەپێی وتەی ئاژانسی فارس "هیچ سانتیمەترێک لە ئاوەکانی گەرووی هورمز ناکەونە چوارچێوەی ئاوە نێودەوڵەتییە ئازادەکانەوە." پانی تەسکترین خاڵ لە گەرووی هورمز تەنیا ۲۱ میلی دەریایییە (نزیکەی ۳۳ کیلۆمەتر).
ئەم تێڕوانینەی ئێران لەلایەن شارەزایانی یاسایییەوە کە کەناڵی "فرانس ٢٤" ڕایانی وەرگرتووە، ڕەتدەکرێتەوە. هەرچەندە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و عومان لەم ناوچەیەدا ١٢ میلی دەریایی بۆ هەر لایەک دەکشێت و هیچ ناوچەیەکی ئازاد نامێنێتەوە، بەڵام جۆناس فرانکێن، پسپۆڕی ژێرخانی دیجیتاڵی لە زانکۆی دارمشتاتی ئەڵمانیا دەڵێت "لە کۆی سەرجەم ئەو کێبڵانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، تەنیا دوو کێبڵ (کێبڵی Falcon و کێبڵی Gulf Bridge International) دەکەونە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە."

بۆشاییی یاسایی یان فشارێکی بێ بنەما؟

کریستیان بوگەر ئاماژە بەوە دەکات کە تاران دەیەوێت سوود لە جۆرێک لە تەمومژی ناو یاسای نێودەوڵەتی (ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان) وەربگرێت، چونکە دۆخی تایبەتی گەرووەکان و ئەرکی دەوڵەتان لە پاراستنی کێبڵەکاندا تا ڕادەیەک ناڕوونە.
بەڵام باسێل جێرموند، پسپۆڕی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی لانکاستەر پێیوایە ئەم بۆشایییە بە قازانجی تاران ناشکێتەوە: بنەمای یاسایی داواکارییەکەی ئێران زۆر لاوازە؛ چونکە بەپێی یاسا، هەموو دەوڵەتان مافی ئازادانەی ڕاکێشان و چاککردنەوەی کێبڵە دەریایییەکانیان هەیە و ئێران ناتوانێت بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە ئەم مافە سنووردار بکات."
 جێرموند دەشڵێت، پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ ئێران چەندە ئاسانە و تا چەند جێی بڕوا پێکردنە؟ ئەگەر گۆگڵ و ئۆرنج پارە نەدەن، تاران لە ڕووی تەکنیکییەوە ناتوانێت قەبارەی داتای تێپەڕبوو بپێوێت، بۆیە تاقە بژاردەی بەردەمی، پەکخستن یان بڕینی کێبڵەکانە. لێرەشدا سزاکانی ئەمریکا ڕێگرن لەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هیچ جۆرە پارەیەک بە تاران بدەن.

پرۆسەیەکی پڕمەترسی 

بڕینی کێبڵ لە گەرووی هورمزدا کارێکی ئاسان نییە. جۆناس فرانکێن ڕوونی دەکاتەوە کە قووڵایی دەریای ئەو ناوچەیە لمی و قوڕاوییە، ئەمەش وایکردووە کێبڵەکان لە قووڵایی چەند مەترێکدا بنێژرێن. هەر پرۆسەیەکی تێکدان یان بڕینی کێبڵەکان پێویستی بە کات و تیمی تایبەت هەیە، ئەمەش وا دەکات ئەو کەشتییانەی کارەکە دەکەن بە ئاسانی لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە ئاشکرا ببن و بپێکڕێن؛ ڕۆژنامەی گاردیانیش ئەم جۆرە هەوڵانەی بە "کردەوەی خۆکوژی" ناوبردووە.

لە ڕووی کاریگەرییەوە، ئەم کێبڵانە زیاتر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ وڵاتانی (عەرەبستانی سعودی، قەتەر و چەند وڵاتێکی تر) دابین دەکەن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەوروپا و ئەمریکا نابێت. بە وتەی کریستیان بوگەر، ئەم فشارە هێندە گەورە نییە کە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دابنێت.
هەرچەندە بڕینی کێبڵەکان دەبێتە هۆی قەرەباڵغی و خاوبوونەوەی خێراییی ئینتەرنێت لە ناوچەکەدا، بەڵام وڵاتانی کەنداو دەتوانن پشت بە هێڵە زەمینییە جێگرەوەکان ببەستن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو