تاران هەوڵی ڕێگرتن لە لێکترازانی ماڵی شیعەی عێراق دەدات

٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

تاران هەوڵی ڕێگرتن لە لێکترازانی ماڵی شیعەی عێراق دەدات

پەنجەرە

لەکاتێکدا کێشە و ململانێکان لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لە ناوخۆی "چوارچێوەی هەماهەنگی" گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار، سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کردووە بۆ ڕێگری لە پەرتبوونی ماڵی شیعە و پاراستنی سەقامگیریی هاوپەیمانییەکە.

بەپێی زانیارییەکان، لایەنە شیعییەکان بە پاڵپشتی و فشاری تاران، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ناوەندگیریکردن و کۆتاییهێنان بەو ناکۆکییە قووڵانەی کە دوای دانیشتنی متمانەبەخشین بە حکومەت سەریان هەڵداوە.

ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی نزیککردنەوەی دیدگای لایەنەکان، ڕێگری لە هەر لێکترازانێکی سیاسی بکات کە ببێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی شیعە لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرکردەکانی "دەوڵەتی یاسا" بە گومانەوە دەڕواننە شکستپێهێنانی کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا. ئەوان لایەنە هاوپەیمانەکانی خۆیان لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە ئەنقەست کار بۆ لاوازکردنی پێگەی نوری مالیکی دەکەن. عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند کە دەنگنەدان بە کاندیدەکانیان "شۆکێکی گەورە" بووە و ئەوەی ڕوویداوە بە کارێکی "نائاسایی" وەسف کرد.

لە بەرانبەردا، ئەو لایەنانەی کە بە نەیاری ناوخۆیی مالیکی دادەنرێن، پاساوی دیکە دەهێننەوە. سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی "سادقون" (باڵی سیاسی عەسائیب ئەهلولحەق)، ڕایگەیاندووە کە شکستی کاندیدەکانی مالیکی پەیوەندی بە "پلانگێڕی"یەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پابەندنەبوون بووە بەو میکانیزمە ناوخۆییەی کە لەسەری ڕێککەوتبوون، ئەویش پێشکەشکردنی ناوەکانە بە سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی پێش ئەوەی ببرێنە ناو پەرلەمان.

سەرچاوە سیاسییەکان جەختدەکەنەوە کە ڕۆژانی داهاتوو بۆ ئایندەی حکومەت و یەکڕیزیی "چوارچێوەی هەماهەنگی" یەکلاکەرەوە دەبن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو