نەوتی عێراق لە نێوان قۆرخکاریی کۆمپانیا جیهانییەکان و هەژموونی دارایی واشنتۆندا
٢٣ ئایار ٢٠٢٦ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مێژووی دوورودرێژی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتدا کە بۆ نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، نەبووەتە هۆی پاراستنی سەروەریی دارایی وڵاتەکە لە بەردەم گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
داهاتی نەوتی عێراق
میقداد خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "عێراق کەوتووەتە نێو قەیرانی ئابووریی کەڵەکەبووەوە، کە دیارترینیان قەیرانی داراییە، ئەمەش پەیوەندی بە میکانیزمی ناردنی داهاتی ئەو نەوتەوە هەیە کە لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەفرۆشرێت."
خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرجەم داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری بانکی فیدراڵی ئەمریکا، وتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی کۆنترۆڵی ئەو پارانە و ناردنی بۆ عێراق دەکات."
ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە ئەم هەژموونە، دەرفەتێکی ڕاستەوخۆ و گەورە بە واشنتۆن دەدات بۆ دەستوەردان لە دیاریکردن و داڕشتنی سیاسەتی بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار لە ناوخۆی بازاڕی عێراقدا.
هەژموونی کۆمپانیا جیهانییەکان
لەم چوارچێوەیەدا، ڕەزاق حەیدەری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە "کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و وزە لەلایەن هەندێک دەوڵەت و کۆمپانیای گەورەوە، بووەتە هۆی دروستکردنی فشارێکی ڕوون لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنەر، لەنێویشیاندا عێراق."
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم واقیعە توانای وڵات بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی سامانەکانی سنووردار دەکات.
حەیدەری زانیاری زیاتری خستەڕوو و وتی: "کەرتی نەوت لە ڕووی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتنەوە بابەتێکی سادە نییە، ئەمەش وایکردووە دەوڵەتان پشت بە کۆمپانیا جیهانییەکان ببەستن کە خاوەنی توانای پێویستن، بەڵام ئەم کۆمپانیایانە لە ئێستادا کۆنترۆڵی بەشێکی گرنگی بڕیاری نەوتییان کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد کە عێراق مێژوویەکی دوورودرێژی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە لەو کاتەوەی لە ساڵی 1927 لە کەرکوک دۆزرایەوە و خاوەنی شارەزاییەکی زۆرە، بەڵام نەبوونی کۆمپانیای نیشتمانیی بەهێز و تۆکمە وایکردووە وڵات پشت بە کۆمپانیا دەرەکییەکان ببەستێت، کە ئەوانیش مەرجەکانی خۆیان دەسەپێنن و پشک لە بەرهەمهێنان دەبەن.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە عێراق پێویستی بە پەرەپێدانی پاڵاوگەکانی و بەرهەمهێنانی پێکهاتە نەوتییە کوالێتی بەرزەکانی وەک بەنزینی ئۆکتان بەرز هەیە، بەڵام بەردەوامیی پشتبەستن بە دەرەوە، بڕیاری ئابووریی وڵات بەوانی ترەوە دەبەستێتەوە.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق داوای پچڕانی پەیوەندیی دارایی لەگەڵ بانکی فیدراڵی ئەمریکا و هەمەجۆرکردنی هەژمارە بانکییەکانی نەوت دەکەن.